ئەمڕۆ دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ کونسوڵی ئەڵمانیا لە کوردستان کۆبوونەوە، ئەوەش دوای رۆژێک دێت لە سزادانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە لەلایەن دادگای سلێمانی. نەوەی نوێ بڵاویکردەوە "سەردانی کونسوڵی ئەڵمانیا بۆ لای نەوەی نوێ، باسیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بارودۆخی کوردستان و عێراق کرد بە تایبەتی سلێمانی و گفتوگۆیان کرد لەبارەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید". بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە ئاریان تاوەگۆزی و بەدریە ئیبراهیم، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە ئۆفیسی سەرەکی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ کونسوڵی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە. دوێنێ شاسوار عەبدولواحید لەلایەن دادگای کەتنی سلێمانی و لەسەر سکاڵای شادیە نەوزاد، سزای پێنج مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.