رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی هێمن مامەند تەنها یەك فیشەك بەر ئەنیشكی قۆڵی چەپی كەوتووە و ئێستا تەندروستی جێگیرە، خۆیشی وردەكارییەكەی بۆ خانەوادەكەی ئاشكرا كردووە. شەوی رابردوو لە كۆڵانێكی گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی تەقە لە رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی هێمن مامەند كرا و بریندار كرا، ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی شار لە ژێر چاودێری پزیشكدایە و لایەنە ئەمنییەكانیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی بكەرانی ئەو رووداوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەوادەكەی بە (بوار) دراون، هێمن مامەند بەم شێوەیە باسی رووداوەكەی بۆ كردوون و وتویەتی "دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ لە یەكێك لە چێشتخانەكانی گەڕەكی عەقاری نانم خوارد، ویستم بڕۆمەوە نێو ئوتومبیلەكەم، بەڵام لەو كاتەدا گوێم لە دەنگی ماتۆڕەكە بوو، چونكە پێشتر حەزەرم لە ماتۆڕ دەكرد و هەستم دەكرد رۆژێك لە رێگەی ماتۆڕەوە تیرۆر دەكرێم، بۆیە كە هەستم كرد ماتۆڕەكە بەرەو لای من دێت سەرم هەڵبڕی، دەمانچەكەی ئاڕاستە كردم و منیش ئانیشكی چەپم بەرز كردەوە و یەك فیشەك بەر ئانیشكم كەوت، ئەوان دوو كەس بوون و دەموچاویان پێچرا بوو، تەنانەت كە زانیان تیرۆر نەكراوم ویستیان بگەڕێنەوە، بەڵام كە زانیان خەڵك هەستی كردووە ئیتر هەڵاتن".