گرنگ

نهێنی نوێ لەبارەى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە ئاشکرادەکرێت

2025-09-11

 

کاردانەوەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەردەوامە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە وردەکاری نوێی سەبارەت بەو ڕووداوە ئاشکراکرد. ڕادیۆکە لە راپۆرتێک ئاشکرایکردووە، هێزی ئاسمانی لە هێرشەکەی سەر بارەگای حەماس لە دەوحە زۆر کەم تەقەمەنی بەکارهێناوە، هەرچەندە هێزی ئاسمانی نزیکەی ١٠ بۆمبی بەکارهێناوە، بەڵام گورزێکی سنوورداریان لە بیناکە داوە، بەڵام بە تەواوی لەناو نەچووە، بەشێکی بە تەواوی وەک خۆیان مانەوە. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، "هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەقەمەنییە سنووردارە لە هێرشی دەوحەدا بۆ ئەوە بووە زیان بە قەتەرییەکانی دەوروبەری بیناکە نەگەیەنن". ئیسرائیل هەڵسەنگاندنى کردووە، کە بەرپرسانی باڵای حەماس لەو ڤێلایە بوون، بەتایبەتى لە کاتی هێرشەکەدا، بەڵام پێدەچێت زیانیان پێنەگەیشتبێت، یان تەنها زیانى کەمیان بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا ئەگەری ئەوەی هەندێکیان کراوەتە ئامانج، یان لێیان دراوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانەوە دەرکەوتووە، هەر شەش ئامانجەکە، سەرکردەکانى حەماس پێکراون". بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل مەزەندە دەکەن، کە چەند ڕۆژی دیکەی پێویستە تا بە تەواوی لە ئەنجامی هێرشەکە تێبگەن. رۆژى سێ شەممەى رابردوو سوپاى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر بینایەک لە دەوحەى پایتەختى قەتەر، کە سەرکردەکانى حەماسى تێدا بوو. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی وتووە، بڕیارەکەی بۆ بەئامانجگرتنی حەماس لە ناوخۆی قەتەر ناژیرانە بووە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، نەتانیاهۆ وەڵامی داوەتەوە، کە دەرفەتى هێرشەکان کەمن بۆ بە ئامانجگرتنى سەرکرجەکانى حەماس و ئەویش سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر لە ڕۆژی سێشەممەدا پەیوەندی دووەم لەنێوانیاندا ڕوویداوە، کە پەیوەندییەکی دۆستانە بووە، لەو ماوەیەدا ترەمپ پرسیاری لە ناتانیاهۆ کردووە، ئایا هێرشەکە سەرکەوتوو بووە یان نا. ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، "دڵخۆش نییە" بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج. ترەمپ پێش ئەوەی بەرەو چێشتخانەیەک لە واشنتۆن بڕوات، بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە، "بە سادەیی دڵخۆش نیم بە هەموو دۆخەکە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color