لەسەر داوای پارێزگاری کەرکوک، کێشەی وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە هەردوو بازگەی چیمەن و دارەمان چارەسەر دەکرێت و دوو سۆناری نوێ دادەنرێت تا زووتر بارهەڵگرەکان بەڕێ بکرێن. وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەستەی دەروازە سنورییەکان، لەسەر داوای رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە هەر بازگەیەک ئامێرێکی تری سۆناری بارهەڵگر جێگیر دەکەن، تا قەرەباڵەغی و نۆرەی دوور و درێژی بارهەڵگرەکان کۆتایی بێت. بڕیاری دانانی دوو سۆناری نوێ بۆ ئەوەیە لەیەک کاتدا بە دوو هێڵ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تێپەڕبێت، چونکە لە ماوەی ڕابردوو چەند جارێک داخستنی ڕێگاو ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگای «کەرکوک- سلێمانی» و «کەرکوک- هەولێر» بەهۆی کێشەی سۆنار لە بازگەکان دروست بوو. بەهۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق لەسەر گومرک و یاسای تاریفەی گومرکی، بەغدا چوار خاڵی گومرکی لە نێوان هەرێم و شارەکانی عیراق داناوە. دووانیان لە کەرکوکن و سەر بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقن.