لیژنەی هەڵسەنگاندنی زیانەكانی ئاگرەكەی مانگی رابردووی پارێزگای هەڵەبجە بە نووسراوێكی فەرمی داو الە حكومەتی عێراقی دەكەن بڕی یەك ملیار دیناریان وەك قەرەبوو بۆ خەرج بكات، ئەوەش دوای ئەوەی تیمێكی مەیدانی بڕی قەرەبووەكانیان دیاری كردووە. فریاد نەجمەدین، سەرپەرشتیاری لیژنەی قەرەبوو كردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئاگرەكەی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند: بە تیمێكی مەیدانی سەرجەم ئەو گوندانەمان بەسەركردەوە كە بەهۆی ئاگرەكەوە زیانیان بەركەوتووە، جگە لە زیانە سرووشتی و ژینگەییەكان، دانیشتووانی 6 گوند بە زیاتر لە ملیارێك دینار زیانی مادییان بەركەوتووە، بەجۆرێك بەهۆی ئاگرەكەوە ئاژەڵ بنێشتی هاووڵاتیان لەناوچوون و سووتانی باخەكانی هاووڵاتنی شەش گوندی سنووری پارێزگای هەڵەبجە. ئاماژەی بەوەشكردووە، راپۆرتی هەڵسەنگاندنی زیانەكان بە وردەكارییەوە بە زمانی عەرەبی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەگەیێنینە بەغدا بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكرێتەوە، جگە لە زیانە مادییەكان پێنج هەزار دۆنم داری سرووشتی و پووش و پاوان لە ئاگرەكەدا سووتاوە.