گرنگ

پێنج ساڵە سەرقاڵی ئەو كارەن، چیرۆكی دەستگیركردنی دوو بارزگان كە مادەی هۆشبەریان لە عێراقەوە گەیاندە شارەكەی پێغەمبەر

2025-09-16

 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی دەستگیركردنی دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لە شاری مەدینە لە سعودیە راگەیاند، ئەو دوو بارزگانە كۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەیان هەبووە و ماوەی پێنج ساڵە كاری بازرگانی دەكەن بە مادەی هۆشبەرەوە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە: بڕی ئەو مادە هۆشبەرەی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی دوو بارزگانەكە لە مەدینە دەستی بەسەردا گیراوە 142 كیلۆگرام بووە، كە هێزە ئەمنییەكانی سعودیە بە هەماهەنگی عێراق و دەزگاكەمان ئەو پرۆسەیان ئەنجامداوە. بە گوێرەی زانیارییەكان، كە دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشكرایكردووە، ئەو دوو بازرگانە نێودەوڵەتییەی دەستگیركراون، خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینن و خاوەنی كۆمپانیای حەج و عومرەن، كە دوای دەستگیركردنیان دانیان بەوەدا ناوە، ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە سەرقاڵی بازرگانیكردنن بە مادەی هۆشبەرەوە و ئەو كارەشیان لە نێوان وڵاتانی عێراق، توركیا، سعودیە، ئێران و ئوردن ئەنجامداوە. هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و سعودییە لەڕێگەی كاركردن و وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مددەی هۆشبەری سلێمانی گەیشتوونەتە تەواوی زانیاری و بەدواداچوونەكان و ئەو دوو بازرگانەیان دەستگیكردووە. زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەو مادە هۆشبەرەی لە سعودیە دەستی بەسەردا گیراوە جۆرەكەی "كریستاڵی شل" بووە و لە نێو چەندین جانتادا شاردراوەتەوە، هاوكات دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە لە 29ـی ئابەوە زانیارییەكانی داوەتە لایەنی عێراقی و پێكەوە كاریان كردووە بۆ دەستگیركردنی دوو بازرگانەكە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color