عێراق لە ڕێگەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆیەوە لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا، بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو هاووڵاتییانەی دەكات، بە شێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناو ئەو وڵاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە هۆشداریی لەوە دەدرێت، كە گەنجانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەونە داوی تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە. ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، ڕایگەیاند: ژمارەیەك عێراقی بەم دواییە بە شێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناو لیبیا، باڵیۆزخانەی عێراقیش تا ئێستاش بەدواداچوون بۆ چارەنووسیان دەكات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی لیبیا زانیارییەكان سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونیان پشتڕاست دەكاتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ژمارەی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی بە لیبیا تێدەپەڕن رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، بەو پێیەی ڕێگەیەكی ترانزیتە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هاوكات تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و قاچاخچێتی بەشدارن لە هاندانی گەنجانی عێراقی بۆ چوون بۆ ئەوروپا. ئەو بەرپرسەی عێراقییە داوای لە خێزانە عێراقییەكانیش كردووە هاوكاری لەگەڵ باڵیۆزخانە بكەن لەڕێگەی ڕێگریكردن لە گەشتكردنی منداڵەكانیان بە شێوەیەكی نایاسایی بۆ لیبیا، بۆ پاراستنی سەلامەتییان و دووركەوتنەوە لە مەترسییەكان. لای خۆیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی كۆچی عێراق رایگەیاندووە، كۆچكردنی ناڕێكوپێك و نایاسایی لە عێراقەوە بۆ ئەوروپا لە رێگەی لیبیاوە لە پەرەسەندندایە، ئەمەش بووەتە تەحەدایەكی نیشتمانی و ئەمنی لە وڵاتدا. سەرچاوەكە بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید راشیگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتانەی دەگەنە وەزارەتی كۆچ و وەزارەتی دەرەوە، پشتڕاستی دەكەنەوە ژمارەی كۆچبەرەكان لە زیادبووندایە، هەروەها تۆڕی بازرگانیكردن بە مرۆڤ هەیە، كە گەنجان بۆ كۆچكردن ڕادەكێشن.