گرنگ

چی لە ناوچەكە روودەدات و ئەمریكا بەنیازی چییە لە هەرێمی كوردستان؟

2025-09-16

 
هەندێك سەرچاوە باس لەدەكەن كە ویستێكی ئەمریكی هەیە بۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێكی سەرەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا، هاوكات بودجەی ساڵی 2026ی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاماژەی ڕوون نیشان دەدات، كە ئەمریكا گرنگی زیاتر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەدات، بە پێچەوانەوە كەمبوونەوەیەكی زۆر دەبینێرێت لە هاوكارییەكان بۆ سوپای عێراق لەلایەن ئەمریكاوە. رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە، ئەمە ڕەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوەی، كە فۆكەسی واشنتۆن و حیساباتی سەربازی لە ناوچەكە لە بەرژەوەندی هەرێمدا دەگۆڕێت لەسەر حیسابی حكومەت لە بەغداد، ئەوەش دوای ئەوەی بەم دواییانە واشنتۆن بەشێك لە هێزەكانی لە بنكە سەربازییەكانی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا لە بەغداد و پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق گواستووەتەوە بۆ بنكەی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت، زیادكردنی هاوكاری پێشمەرگە و گواستنەوەی بنكەی سەربازی بۆ سنوری هەولێر، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی ئەمریكا لەمەولا زیاتر گرنگی بە هەولێر دەدات، نەك بەغداد، هەروەها بڕیارە ئەمریكا گەورەترین كونسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە هەولێر بكاتەوە، ئەمەش زیاتر ئەو ئاماژەیە روون دەكاتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی بودجەی نوێی ئەمەریكا، 61 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 تەرخانكراوە، كە بە بەراورد بە بودجەی ئەمساڵ بڕی 4.7 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە، هاوكات ئەم پارەیە دابەشكراوە بەسەر 11.8 ملیۆن دۆلار بۆ چەك و 5.3 ملیۆن دۆلار بۆ تەقەمەنی، 27.5 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی و 17 ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ جلوبەرگ و كەرەستەی دیكە. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوە ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن، پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە 189.1 ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها 48.2 ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 كەم دەكرێتەوە. وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا (پێشتر وەزارەتی بەرگری) لە سەرەتای مانگی ئابی 2024، بە ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵی لە بەغداد، 24 پارچە تۆپی قورسی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین كرد، كە هێزە سیاسییە عەرەبییەكان لەو كاتەدا بە توندی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دابینكردنی پارچە تۆپی قورس بۆ پێشمەرگە بە مەودای تا 45 كیلۆمەتر و بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، كە دەتوانرێت لە ململانێ ناوخۆییەكاندا بەكاربهێنرێت. بە گوتەی چاودێران، زیادبوونی هاوكارییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، گوزارشت لە "متمانەیەكی واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی كوردستان و توانای هێزە ئەمنییەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەكان دەكات. هەندێك سەرچاوە باس لەدەكەن كە ویستێكی ئەمریكی هەیە بۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێكی سەرەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color