یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "غەزە دەسوتێت، سوپاكەمان بە مشتێكی ئاسنین لە ژێرخانی حەماس دەدات. كاتز لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "X" ڕوونیكردەوە: پاشەكشە ناكەین تا ئەركەكە بە شكستی حەماس و ئازادكردنی بارمتەكان تەواو نەبێت. لەلایەكی دیكەوە كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە، ئەمشەو لە ڕووی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەزە توندترین شەو بوو، بەجۆرێك كە تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ڕێڕەوی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لەسەر زەوی، لە قووڵایی ناو شارەكەدا ڕووینەداوە. بە گوێرەی راپۆرتی ئەو كەناڵە عەرەبییە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بۆردومانی شاری غەزە چەند كاتژمێرێكە نەوەستاوە، بە بەشداری هەلیكۆپتەر و فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، جگە لە تۆپبارانی تۆپخانەكان بە بەردەوامی، هێرشەكانی ڕۆژانەی ئیسرائیل وەك جاران بەردەوامن، تاوەرەكان و باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون لە شاری غەزە بۆردومان دەكەن. پێشتر پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردەوە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری غەزە، بەڵام كەناڵە عەرەبییەكە ئەوەی ئاشكراكردووە، هیچ پێشڕەوییەكی نوێ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەسەر زەوی نییە، جگە لە هەندێك گەڕەك، كە چەند هەفتەیەكە پێشڕەوی كردووە بۆیان، وەك زەیتون و شوجاعییە، بەڵام بە قووڵی پێشڕەوی نەكردووە بۆ ناوچەكانی وەك كەمپی پەنابەرانی شاتی و ڕیمال و تەل ئەلحەوا.