ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونەکانی رێکەوتنی هەردوولا لە نەوت، داوا دەکات مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ خەرج بکات. ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لەبڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختیکردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات. هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.