بەهۆی پێداگری کۆمەڵەی ئاپیکۆر کە هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوتن لەهەرێم بۆ ڕادەست نەکردنی نەوت، بەغدا بەبێ ڕێکەوتنی نوسراو حکومەتی عێراق ناچار بووە مامەڵەی جیاواز لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرەوەی کۆمەڵەی ئاپیکۆر بکات و لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە گەیشتووەتە ڕێکەوتن. لەکۆی ۱٤ کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوت و غاز لە هەرێم هەشت کۆمپانیایان لە کۆمەڵەی ئاپیکۆردان. شەش کۆمپانیایان لە دەرەوەی ئاپیکۆرن و کۆمپانیاکانی دەرەوەی ئاپیکۆر نزیکەی ۳۷ تا ٤۰ لەسەدی نەوتی هەرێم و هەموو غازی هەرێم بەرهەم دەهێنن. کۆمپانیاکانی کار و زیگ ئۆیڵ و هەردوو کۆمپانیای ڕۆسنەفت و گازپڕۆمی ڕووسی و هەردوو کۆمپانیای داناگاز و نەفت هیلالی ئیماراتی لە دەرەوەی ئاپیکۆرن و چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی سۆمۆ بکەن. چونکە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی نەوت ڕاگەیاندووە. بەغدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە هەیە و هەریەک لە کۆمپانیاکانی کار و داناگاز و نەفت هیلال گرێبەستی چەند کێڵگەیەکیان لەگەڵ بەغدا هەیە و کۆمپانیای کار گرێبەستی پاڵاوتنی نەوت و فرۆشتنی کارەبای لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیای داناگاز گرێبەستی فرۆشتنی غازی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. کێڵگەکانی خوڕمەڵە و هەولێر و هەریر بجیل و کۆرمۆر و چەمچەماڵ و گەرمیان و بلۆکی ۱۹ لەلایەن ئەو شەش کۆمپانیایەی دەرەوەی ئاپیکۆر بەڕێوە دەبرێن.