لە دواین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی گرژی روویداوە و زۆرێك لە سەركردەكانی چوارچێوەكە نیگەران بوون لەو دۆخەی ئێستا عێراقی تێكەوتووە و تەنانەت سەركردەیەك دەنگی بەسەر چەند سەركردەیەكی دیكەی چوارچێوەكە بەرزكردووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەكانی بوار، كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی بەدر، كە یەكێكە لە سەركردە شیعە دیارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تووڕە بووە و وتوویەتی، بەشێك لەلایەنە شیعەكان عێراقیان خستووەتە نێو بازنەیەكەوە دەرچوون لێی بووە بە ئەستەم. ئاماژەبەوەشكراوە، هادی عامری بە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەتی ئەوانەی گروپی چەكداری توندڕەویان هەیەو و ئامادە نین چەك دانێن وتوویەتی، ئێوە كێشە بۆ عێراق دروست دەكەن و خۆتان دەشارنەوە، ئێمەش بەهۆی ئێوەوە كەوتووینەتە نێو زایدی مووشەك و درۆنەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە و هەر چركەیەك بێت هێرش دەكەنە سەرمان. عامری باسی لەوەش كردووە، كە پێویستە ئەو لایەنانە بەدەم داوا و خواستی ئەمریكاوە بچن و چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەن، ئەم قسەیەش كاردانەوەی زۆری دروست كردووە و بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تووڕە بوون و بەو هۆیەوە گرژی زۆر دروست بووە. بوار زانیویەتی، لە كۆبوونەوەكە پەیامێكی نوێی محەمەد شەیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە خۆی بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردووە خراوەتەڕوو، داوای بەشێك لەو گروپانە كردووە، چەكەكانیان رادەست نەكەن، بەڵام لە بیبەنە دەرەوەی بەغداد و شارەكانی دیكە و بیشارنەوە، ئەوكات حكومەتیش پارێزگاری لەو چەكانە دەكات و رێگەنادان لەناو ببرێن. زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەم پێشنیازە لەلایەن سەركردەی گروپەكانەوە راستەوخۆ رەتكراوەتەوە و جەخت لەوە كراوەتەوە، ئەمە وەك تەڵەیەك وایە بۆ لەناوبردنی چەكەكانیان لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە. ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، چەند گروپێكی چەكداری عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە، كە پێدەچێت، هۆكاری ئەم هەنگاوەی ئەمریكا بەهۆی رەتكردنەوەی ئەو پێشنیازە بوو بێت و ئەگەریش هەیە، دوای ئەم هەنگاوە رێكاری توندتر لە دژیان بگرێتە بەر و ئەگەری هێرشیش بۆ سەریان بەهێزتر دەبێت