لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا چەندین ڤیدیۆ و وێنەى تێدا بڵاوکراوەتەوە و گوایە جموجۆڵێکی سەربازی بەرفراوانی ئەمریکا هەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەڵمەتەکان لە سۆشیال میدیا وەها ئاراستە دەکرێن، کە ئەمریکا چەندین کەشتى و فڕۆکەى جەنگى و بارهەڵگرى رەوانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە، ئایا راستى لەو ڤیدیۆ و وێنانە هەیە بڵاودەکرێنەوە؟یاخود ئایا واشنتۆن بەڕاستی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکەدا ئامادە دەکات؟ ئایا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نزیک لە ئارادایە؟ لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، گوایە نیشتنەوەی وەجبەیەکی نوێی فڕۆکەی سووتەمەنی پڕکەرەوەی ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێدراوە. بەڵام لە کاتی پشتڕاستکردنەوەدا دەرکەوتووە، ڤیدیۆکە لە مەشقێکی سەربازییەوە بووە، کە لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٣ لە بنکەی هێزی ئاسمانی مەککۆنێل لە کانزاس زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدراوە و پەیوەندی بە جموجۆڵەکانی ئێستای ناوچەکەوە نییە. لە هەمان کاتدا چەند پەیجێک لە سۆشیال میدیادا وێنە و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، گوایە فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری ئەمریکی بی-٢ سپیریتە، کە بە "جنۆکەى ئاسمان" ناسراوە، لە بنکەی هێزی ئاسمانی دایس لە ویلایەتی تەکساس، کە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕیوە. بەڵام دەرکەوت هەموو ئەم دیمەنانە کۆن بوون و مێژووەکەیان بۆ بەرواری ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٤ دەگەڕێتەوە. بەشێک لە پەیجەکان هەر بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆى کۆن نەوەستان، بەڵکو دەیان زانیاریی جۆراوجۆریان بە مانشێتى سەرنجڕاکێش بڵاوکردەوە و گوایە ئەمریکا جوڵەى بەهێز کردووە؟ بلۆگەرەکان زانیارییەکانیان وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشێکی نزیک لە لایەن ئەمریکا بۆ سەر ئێران لێکدەداتەوە، بەڵام هەموو ئەو زانیارییانە لەلایەن میدیاى ئەمریکییەوە رەتکرانەوە و رایانگەیاند، ئەمریکا هیچ هێزێکى بەرەو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەجوڵاندووە. هەر ئەوەش نا لە بەشێک لە شۆشیال میدیاکان باسى جوڵەى گەورەترین کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا کرا، کە کەشتیی USS Gerald R. Ford ، گوایە بە هۆکارێکی نادیار بەرەو دەریای ناوەڕاست جوڵاوە، کە گروپێکی هێرشبەریان لەگەڵدایە کە لەنێویاندا فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکان یاوەری دەکەن. بەڵام زانیارییەکانی گەشتیاری لە ماڵپەڕی هاتوچۆی دەریاییەوە جوڵەی کەشتیی USS Gerald R. Ford لە نزیک دوورگەی مایۆرکای ئیسپانیا دەستنیشان کردووە. هەروەها سیگناڵی فڕۆکەی کروزەری مووشەکی ڕێنماییکراوی یو ئێس ئێس نۆرماندی (CG-60) لە بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نۆرفۆلک لە ٩ی ئەیلولدا دەستنیشانکراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی گەشتیاری نوێ لە بارەى جوڵەى تازە لەبەردەستدا نییە.