ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی حكومەت توانای دابینكردنی تەواوی مووچەكانی ساڵی داهاتووی هەیە، جەختیشدەكاتەوە هەر قسەیەكی پێچەوانەی ئەوەش بۆ دروستكردنی پشێوییە. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: دەسەڵاتی دارایی لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە دەستی بە ئامادەكردنی بودجەی 2026 كردووە و دوای تەواوبوونی، پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، بودجە لە پێشینەكانی ژیانی گەلی عێراقە، چونكە خەرجییەكانی حكومەت نزیكەی 50%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی پێكدێنێت، ئەگەر دواشبكەوێت ئەوا لەوانەیە كاریگەریی لەسەر زیاتر لە 85%ی چالاكییە ئابوورییەكان دروست بكات. ڕاوێژكارەكەی سوودانی دووپاتی كردەوە كە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و ئەوانەی دیكەش بۆ ساڵی 2026 بە پێی یاسای ئیدارەی خۆجێی فیدراڵی دابینكراون و هەر شتێكی پێچەوانەی ئەمەش بوترێت تەنیا بۆ دروستكردنی پشێوییە.