مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: لەماوەی نزیكەی هەفتەیەكی بانگەشەدا 20 سەرپێچی لە هەولێر تۆماركراون،15 لەوانە دوای ئاگاداركردنەوە سەرپێچییەكانیان نەهێشتووە و فلێكسەكانیان لابردووە، پێنجیان ماونەتەوە و وەكو سەرپێچی تۆماركراون. خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: "59 بەربژێر لە پارێزگاكە ركابەری لەسەر 12 كورسی دەكەن، بانگەشە زۆر ئارام و هێمنە، بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو سەرپێچی زۆر كەمترە، رەنگە بەهۆی ئەوە بێت ژمارەی بەربژێرەكان كەمن، بەڵام بە گشتیی هەموویان پابەندن و هیچ سەرپێچییەك تۆمار نەكراوە. ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆمیسیۆن لە سلێمانی رایگەیاند: تا ئێستا یەك سەرپێچی تۆماركراو و نێردراوە بۆ بەغدا ،جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، بە دوو ملیۆن دینار سزادرا، بەهۆی شێوازی بانگەشەكەیان كە لە دەرەوەی رێنماییەكان بووە و شوێنی فلێكسەكانیان هەڵە بوون.