ڕۆژنامەی "زە یۆرشەلیم پۆست"ى ئیسرائیلى، وردەکاری پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان پیت هێگسێس وەزیری جەنگیى ئەمریکا و هاوتا عێراقییەکەی، سابت عەباسی ئاشکراکرد و ئەو بانگەوازەی بە "هۆشدارییەکی کۆتایی و زۆر ڕوون" بۆ حکومەتی عێراق وەسفکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، هۆشدارییەکە چەند خاڵێکی لەخۆگرتووە، لەنێویاندا هۆشدارییە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەهەمبەر هەر جموجۆڵێک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لەعێراق، جەختیشیکردووەتەوە، هەر جوڵانەوەیەکی لەو شێوەیە بە "وەڵامی ڕاستەوخۆ" ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەروەها لە بانگەوازەکەدا باس لە هەڵبژاردنی داهاتوو کرا و واشنتۆن هۆشداریدا لە هەر کاریگەرییەکی گرووپە چەکدارەکان لەسەر ڕێڕەوى هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەخشەڕێگایەی لەلایەن مارک ساڤایە نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ و وەزیری جەنگیی ئەمریکاوە داڕێژراوە پەیوەندی بە ستراتیژی حکومەتی داهاتووەوە هەیە و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا هاوتەریبە و نابێت هیچ شتێک کاریگەرى لەسەر دابنێت. بە گوێرەى رۆژنامەکە، بەرپرسانی عێراق هۆشداریی ئەمریکایان بە "توندترین و ڕوونترین هۆشداری لە سەرەتای پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق" وەسفکردووە، ڕوونیشیکردووەتەوە، وەزیری جەنگیی ئەمریکا بە ڕوونی بۆ عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر گرووپە چەکدارییەکان دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سیاسەتی ئەمریکادا بکەن، ئەوا "لە چوارچێوەی هێزەکانی ئەمریکادا دەبن بۆ هێرشکردنە سەریان لەنێوبردنیان".
