بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، وابڕیارە سبەی دووشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام پێش سەردانەكەی بۆ هەرێم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت و بە ئەگەری زۆرەوە لەو كۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت. بەپێی هەواڵی میدیاكان، سوودانی وەك نیازپاكی دەیەوێت كۆبوونەوەكە بكرێت و بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت، پاشان بێتە كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت سەركردایەتیی پارتی قسە بكات لەبارەی كاركردن لە حكوومەتی داهاتووی عێراق بكات. سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆهەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردنە لە كۆڕبەندی "مێپس" كە لە دهۆك بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەو سەردانەدا لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و باسی سەرەكی كۆبوونەوەكەیان مووچە و كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراقی دەبێت. سەردانەكە بە یەكەم سەردانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دادەنرێت دوای هەڵبژاردنی 11-11-2025 كە تێیدا لیستەكەی سوودانی، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا و بووە یەكەم براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەوە لە كاتێكدایە بەگوێرەی یاسا لە 25ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك، سەرجەم خەرجییەكانی حكوومەتی عێراق ڕادەگیرێت، ئەمەش مەترسیی بۆ مووچەكانی مانگی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.
