گرنگ

ئامانج ڕەحیم: عێراق تەنها لە %29 ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەكات

2025-11-19

 

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە، بەجۆرێك هەرێم بە داهاتی خۆی بە رێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابیندەكات. و عێراق تەنها لە%29 دابیندەكات ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە دوای كەوتنە بواری جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە كاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەكات، بەم شێوەیەی خوارەوە: 1- بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باكور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت كە داهاتی كاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79 دۆلار) دەكاتە (545 ملیار) دینار مانگانە، كە داهاتەكەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە. 2- بڕی 120 ملیار دیناری دیكەی مانگانە وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە كاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق. ئاماژە بەوەشدەكات، "خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە". ئامانج رەحیم دەڵێت، "بە لێدەركردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم كە بە كاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە كۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە كە بە ڕێژە دەكاتە 30%ی مووچەی مانگانە". دەشڵێت، "هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حكومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بكەین كە 16 دۆلارە بۆ یەك بەرمیل، ئەو كات كولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە كولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیكەی 400 ملیار لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی دەكەوێت كە دەكاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو كاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی كاشی خۆی دابین كردووە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color