#بوار
ماڵپەڕی بەناوبانگی ئەمریکی ئاکسیۆس، وردەکاریی گفتوگۆیەکی هەستیار و پڕ مەترسی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلی ئاشکرا کرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پلانی گەورە تەنها بۆردومانی ئاسمانی نییە، بەڵکو ناردنی "هێزی تایبەتـە بۆ سەر زەوی ئێران.
ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوەی باڵا و ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی واشنتۆن و تەلئەبیب، بە وردی تاوتوێی سیناریۆیەک دەکەن، تێیدا یەکە تایبەتەکانی کۆماندۆ بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز دەنێردرێنە نێو خاکی ئێران، بە گوێرەى راپۆرتەکە، ئامانجی ئەم هێزانە ڕوونە: "کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران."
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هۆکاری سەرەکیی پەنابردنی ئەمریکا بۆ ئەم بژاردە سەختە، سروشتی جوگرافیای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە، کە بەشێک لە گرنگترین کۆگاکانی یۆرانیۆم و دامەزراوە هەستیارەکان، لە قووڵایی شاخەکان و لەژێر تونێلە بەهێزکراوەکاندان (وەک دامەزراوەی فۆردۆ)، کە ڕەنگە بۆردومانی ئاسمانیی ئاسایی نەتوانێت بە تەواوی لەناویان ببات، بۆیە تاکە ڕێگە بۆ ڕێگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، دزەکردنە بۆ نێو ئەو دامەزراوانە لە ڕێگەی هێزی مرۆییەوە.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە
بەپێی زانیارییەکان، پلانەکە خۆی دەبینێتەوە لە، بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی بۆ دابەزاندنی یەکە تایبەتەکانی ئەمریکا، یان ئیسرائیل لە نزیک دامەزراوەکان، لەگەڵ چوونە ناوەوە بۆ دامەزراوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ماددە ئەتۆمییەکان پێش ئەوەی بەکاربهێنرێن یان بشاردرێنەوە، هەروەها گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی ئێران یان لەناوبردنی لە شوێنی خۆیدا.
ئەم ڕاپۆرتەی ئاکسیۆس ئاماژەیە بۆ ئەوەی، سیناریۆکان لە "لێدانی ئاسمانی"یەوە بەرەو "جەنگی ڕووبەڕوو"، ئۆپەراسیۆنی تایبەت هەنگاو دەنێن، کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، بە گەورەترین ریسکى سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
