گرنگ

 گرنگ

عەلى لاریجانی: کورد بەشێکی ڕەسەنی ئێرانن و ئاقڵترن لەوەی بکەونە داوی ئەمریکاوە

2026-03-08

 

"پیلانی ئەمریکا بۆ هاندانی کورد دژی ئێران شکستی هێنا"
#بوار
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پەیامێکی ڕاشکاوانەی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژی و مێژوویی کورد لە ناوچەکەدا کردەوە.
لاریجانی ڕایگەیاند، کوردەکان نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانن و خاوەنی ئەو ژیرییەن، کە ڕێگە نادەن وەک "کارتی بازرگانی" لەلایەن ئەمریکاوە بەکاربهێنرێن.
لاریجانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی، ستایشی پێکهاتەی کوردی کرد و وتی: "کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئێرانن." ئەو ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندی کورد و ئێران پەیوەندییەکی مێژوویی و خوێنە، نەک بەرژەوەندی کاتی.
سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لاریجانی بە توندی ڕەخنەی لە مامەڵەی واشنتۆن گرت و بە "بازرگانی" وەسفی کرد، ئەو وتی: "کوردەکان ئاقڵن و باش دەزانن، کە ئەمریکا تەنها مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ دەکات."
لاریجانی نموونەی زیندووی بە دۆخی سوریا هێنایەوە و وتی: "کوردەکان دەزانن ئەمریکییەکان چ بەڵایەکیان بەسەردا هێنان لە سوریا و چۆن لە هەستیارترین کاتدا بە تەنها جێیان هێشتن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی ئێران پەردەی لەسەر هەوڵە نهێنییەکانی ئەمریکا بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوخۆیی ئێران لادا، بە وتەی لاریجانی، ئەمریکا هەوڵیداوە پەیوەندی بە کوردەکانەوە بکات و "کوردە جودایخوازەکان" دژی کۆماری ئیسلامی هان بدات تا ڕاپەڕین ئەنجام بدەن، بەڵام لاریجانی دڵنیایی دا، ئەم پڕۆژەیە "شکستی هێناوە". ئەو هۆکارەکەی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە، بەوەى کوردەکان بێوەفایی و پەیمانشکێنی ئەمریکایان بۆ دەرکەوتووە، هەروەها کوردەکان ئاگاداری توانای باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێرانن و دەزانن پارێزەری سنوورەکانی وڵاتن.
لاریجانی قسەکانی بەوە کۆتایی پێهێنا، کە ستراتیژی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی کارتە نەتەوەییەکان دژی ئێران، بەهۆی وریایی گەلانی ئێرانەوە گەیشتووەتە بنبەست.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color