گرنگ

تێچووى خەرجى تەقەمەنى ئەمریکا لە دوو رۆژى شەڕ لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە 5.6 ملیار دۆلار

2026-03-10

 

#بوار
ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی جەنگیی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی ئێران، بە بڕی نزیکەی 5.6 ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێناوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، کۆنگرێس لەم خەمڵاندنە ئاگادار کراوەتەوە، ئەمەش پرسیاری نوێی لای هەندێک لە یاسادانەران دروستکردووە سەبارەت بەو خێراییەی، کە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانى یەدەگی تەقەمەنییە پێشکەوتوو ئەنجامى دەدەن.
بەپێی ڕۆژنامەکە، هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس ترسیان لەوە هەیە، هەڵمەتە سەربازییەکە لە ئێران ببێتە هۆی خێرا کەمبوونەوەی یەدەگی تەقەمەنییە وردپێکەکان، کە ڕەنگە کاربکاتە سەر ئامادەیی و تواناى سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکە.
لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسەکان ڕایانگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئیدارەی ترەمپ لەم هەفتەیەدا داواکارییەکی نوێ بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگریی زیاتر ئاراستەی کۆنگرێس بکات، کە ڕەنگە بەهاکەی بگاتە دەیان ملیار دۆلار بۆ پشتگیریکردن لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
پێدەچێت داواکارییەکەی ئیدارەی ئەمەریکا ڕووبەڕووی دژایەتی ببێتەوە لەلایەن ژمارەیەک لە دیموکراتەکانەوە، بەتایبەتی دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی پێشوویان بۆ سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر ئیدارەکەدا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێران.
لە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە ڕەوشی یەدەگی چەکەکان، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگری هەموو ئەو پێداویستییانەی لەبەردەستدایە، پێویستن بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک، کە سەرۆک بڕیاری لێ بدات لە هەر کاتێکدا بێت.
لە هەمان کاتدا، هەفتەی ڕابردوو پیت هێگسێت وەزیری جەنگیی و ژەنەراڵ دان کەین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانیی خۆیان بەسەر ئێراندا جێگیرکردووە، هەڵمەتەکە وردە وردە بەرەو ئەوە دەچێت، کە لە بری پشتبەستنی زۆر بە تەقەمەنییە زۆر وردپێکەکان، زیاتر پشت بە بۆمبە ئاراستەکراوەکانی لەیزەر ببەستێت، کە بە بڕی زیاتر لەبەردەستدان.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەشکرد، سوپای ئەمەریکا دەستی کردووە بە دووبارە دابەشکردنەوەی کەلوپەل و سیستەمە بەرگرییەکان لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا ناوچەی هیندۆ-پاسیفیک.
بەپێی سەرچاوەکان، لە ئێستادا بەشێک لە سیستەمی "ساد" (THAAD) لە کۆریای باشوورەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی پاتریۆت لە یەدەگەکانی ناوچەی هیندۆ-پاسیفیک و ناوچەکانی دیکەوە دەهێنرێن بۆ بەهێزکردنی بەرگری لە دژی هێرشەکانی ئێران، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی ئەنجام دەدرێن.
یەکێک لە بەرپرسەکان ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوانە وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی دێن بۆ پێشبینیکردنی ئەگەری پەرەسەندنی وەڵامدانەوەکانی ئێران، سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەی هێرشەکان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر هەڵگیرسانی شەڕەکەدا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color