گرنگ

ترەمپ گڵۆپى سەوز بۆ کوشتنى موجتەبا خامنەیی هەڵدەکات.. ئیسرائیلیش پلانەکە جێبەجێدەکات

2026-03-10

 

#بوار
بەرپرسانی ئەمریکی، ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە، گڵۆپى سەوز بۆ بیرۆکەی کوشتنى ڕێبەری باڵای نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی هەڵدەکات، ئەوەش لە ئەگەری ئەوەی دەربکەوێت، ناوبراو ئامادە نییە بەدەم داواکارییەکانی ئەمریکاوە بێت، کە لە پێشەنگیاندا کۆتاییهێنانە بە بەرنامەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ئێران.
بەرپرسەکان بە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـیان ڕاگەیاندووە، پێشبینی ناکەن موجتەبا خامنەیی دەستبەرداری هەوڵەکانی تاران بێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و پێیانوایە ڕەتیدەکاتەوە دانوستان لەسەر کۆتاییهێنان بە ململانێکان بکات بەو مەرجانەی، کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادان.
هەروەها ئاشکرایان کرد، پێدەچێت ئیسرائیل ئەو لایەنە بێت پرۆسەی تیرۆرکردنی موجتەبا خامنەیی جێبەجێ بکات و ئاماژەیان بەوە کرد، تەلئەبیب ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران.
لەم دواییانەدا لە تۆڕی (CNN)ـەوە پرسیار لە گدعۆن ساعەر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کرا سەبارەت بەوەی ئایا موجتەبا خامنەیی ئامانجی ئیسرائیلە، وتی: "پێویستە چاوەڕێ بکەن و ببینن"، ئەمەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەنجامدا، تێیدا عەلى خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشوو، لە سەرەتای ئەو جەنگەدا کوژرا کە لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا دەستی پێکرد.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژى دووشەممە دووپاتیکردەوە، دڵخۆش نەبووە بە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری ئێران لە جێگەی باوکی، کە لە سەرەتای هێرشی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کوژرا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی دوای هەڵبژاردنی کوڕەکەی خامنەیی، ترەمپ وتی: "من دڵخۆش نیم"، ئەمەش بەپێی ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست".
ڕۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتیی ئێران، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی (56 ساڵ)ـی وەک ڕێبەری وڵات لە جێگەی عەلی خامنەیی باوکی (86 ساڵ) ڕاگەیاند.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color