گرنگ

نهێنییەکانی پشت بێدەنگیی تاران؛ ئایا ئیسماعیل قائانی بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراوە؟

2026-03-10

 

#بوار
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێدەنگی زۆرجار دەنگی لە تەقینەوەکان بەرزترە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە دەست گێژاوی ململانێیەکی کراوەی هەواڵگری و سەربازییەوە دەناڵێنێت، چارەنووسی یەکێک لە کارەکتەرە هەرە گرنگەکانی "بەرەى مقاوەمە" بووەتە گەورەترین مەتەڵی میدیا جیهانییەکان.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە کوێیە؟ ئایا ئەو بووەتە قوربانیی گەورەترین دزەپێکردنی هەواڵگری لە مێژووی ئێراندا؟
کەناڵی (FRANCE 24)ـی فەرەنسی، یەکێک لە دیارترین ئەو میدیا نێودەوڵەتییانە بوو، کە پەردەی لەسەر ئەو چرپە و دەنگۆیانە هەڵماڵی لە ڕێڕەوە داخراوەکانی تارانەوە دزەیان کردبوو.
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی سەرنجڕاکێشدا، کەناڵەکە تیشکی خستە سەر سیناریۆیەک، کە تا پێشتر تەنها وەک هێڵی سوور سەیر دەکرا، گومانی تێوەگلانی فەرماندەی قودس لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد).
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی فرانس 24 لەسەر زاری سەرچاوە ناوچەییەکان و میدیای ئیسرائیلی گواستییەوە، بێسەروشوێنبوونی لەپڕی قائانی لە دوای زنجیرە تیرۆرکردنە گەورەکانی سەرکردەکانی حزبوڵڵا، گومانی ئەوەی دروستکرد ، ناوبراو لەژێر لێکۆڵینەوەیەکی توندی ئەمنی دایە و تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی بانگەشەی "لەسێدارەدانی بە تۆمەتی خەیانەتی نیشتمانی" بکرێت.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بە سێ هۆکاری سەرەکی دەکەن، وایان کرد ئەم سیناریۆیە جێگەی سەرنج بێت:
• ڕزگاربوونى لە هێرشەکان: لەو هێرشە وردانەی بوونە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و دواتریش هاشم سەفیەدین، قائانی بەردەوام بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و لە کۆتا ساتەکاندا لە شوێنی ڕووداوەکان دوور بووە.
• بێدەنگییەکی گوماناوی: لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، سوپای پاسداران هیچ ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕپێکراوی بۆ دیارنەمانی فەرماندەکەی نەبوو، ئەمەش هێندەی تر ئاگری گومانەکانی خۆش کرد.
• دزەکردنێکی هەواڵگریی گەورە: تاران خۆی دان بەوەدا دەنێت ڕووبەڕووی دزەکردنێکی هەواڵگریی گەورە بووەتەوە، ئەمەش وایکرد لێکۆڵینەوەکان بگەنە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتی.
فرانس 24 لە داڕشتنی ڕاپۆرتەکەیدا بە وریاییەوە مامەڵەی کرد؛ ئایا ئەمە ڕاستییەکی شاردراوەیەK کە تاران نایەوێت دانی پێدا بنێت لە ترسی داڕمانی ورەی هێزەکانی؟ یان تەنها جەنگێکی دەروونی و پڕوپاگەندەی هەواڵگریی ئیسرائیلە بۆ لەکەدارکردنی متمانەی نێوان بەرپرسانی ئێران؟
سەرەڕای ئەوەی دواتر دەرکەوتنەوەی قائانی لە پرسەیەکدا لە تاران، وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ بەتاڵکردنەوەی دەنگۆى هەواڵی "لەسێدارەدانەکە"، بەڵام میدیا جیهانییەکان هێشتا کۆکن لەسەر ئەوەی، گومانەکان بەتەواوی نەڕەویوەتەوە و هێشتا پرسیاری زۆر ماون بێ وەڵام بن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color