سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانییان ڕاگەیاندووە، ڕێبەری باڵای نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی، چەند ساڵێک لەمەوبەر دوو شوقەی گرانبەهای بە بڕی 35 ملیۆن پاوەند لە لەندەن کڕیوە، کە تەنیا چەند هەنگاوێک لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئیسرائیلەوە دوورن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کڕینی ئەو دوو شوقەیە لە ڕێگەی بانکدارێکی ئێرانییەوە بە ناوی عەلی ئەنساری ئەنجامدراوە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تێوەگلانی لە پارەدارکردنی سوپای پاسداران، حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەردا سەپاند.
حکومەتی بەریتانیا ئەنساری بە "گەندەڵ" وەسف کردووە، هەروەها سەروەت و سامانەکەی سڕکردووە و ڕێگری لە گەشتکردنی بۆ شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لێکردووە.
بەپێی رۆژنامەى "تەلەگراف"، دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا ئاگاداری بوونی ئەم دوو موڵکەن، پێدەچێت ئەنساری لە ساڵانی 2014 و 2016ـدا ئەو دوو شوقەیەی بە وەکالەت لە جیاتی موجتەبا خامنەیی کڕیبێت.
هەروەها، یەکێک لە شوقەکان لە مانگی ئاداری 2014 بە بڕی 16.75 ملیۆن پاوەند کڕدراوە، ئەوەی دیکەشیان لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 بە بڕی 19 ملیۆن پاوەند کڕدراوە. بەهاکەیان لە ئێستادا پێکەوە بە نزیکەی 50 ملیۆن پاوەند خەمڵێندراوە.
ئەم دوو شوقە گرانبەهایە دەکەونە یەکێک لە گەڕەکە هەرە پێشکەوتووەکانی لەندەن، لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باخچەکانی کۆشکی کێنسینگتۆن، کە ئەویش لای خۆیەوە نزیکە لە کۆشکی کێنسینگتۆنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، وەک ڕێبەری باڵای ئێران و جێنشینی باوکی هەڵبژێردرا.