نهێنییەکانی پشت کشانەوەی ڕاکان جبووری لە هاوپەیمانییەکەى خەمیس خەنجەر ئاشکرا دەبن
#بوار
دوای نزیکەی دەیەکی تەواو لە هاوپەیمانێتی و پاڵپشتیی سیاسی، پەیوەندییەکانی نێوان ڕاکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکوک و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حزبی سیادە گەیشتە خاڵی کۆتایی، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەستکردن بە مەترسیی لەدەستدانی پێگە و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم جیابوونەوەیەن.
شەوی ١١ـی ئەم مانگە؛ قوتەیبە، کوڕی ڕاکان جبووری و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سیادە، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کشانەوەی خۆی لە ڕیزەکانی حزبی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە بە واتای کۆتاییهاتنی پاڵپشتییەکانی «هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک» بە سەرۆکایەتیی ڕاکان جبووری دێت بۆ حزبی سیادە، کە ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە بەردەوام بوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "بوار" کەوتوون، ئەم لێکترازاندنە لەپڕ نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێک پاڵنەری سیاسیی و کەسیی لە پشتەوەیە، کە گرنگترینیان بریتین لەوەى، ڕاکان جبووری ترسی گەورەی لە چارەنووس و ئایندەی سیاسیی خۆی هەیە لە کەرکوک، کە لە ئێستادا جەمسەرە سوننییەکانی وەک محەمەد تەمیم، موهەیمەن حەمدانی و هاوپەیمانی عەزم، گەمارۆیەکی توندی سیاسییان خستووەتە سەر جبووری و لە ڕووی جەماوەرییەوە کاریگەرییان بۆ نەهێشتووەتەوە.
هەروەها لە کاتی دوورخستنەوەی ڕاکان جبووری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، خەمیس خەنجەر بەڵێنی پێدابوو، کە لە کابینەی نوێی حکومەتدا پۆستی وەزارەتی پێبدات، بەڵام بەهۆی پاشەکشەی ژمارەی کورسییەکانی حزبی سیادە و لاوازبوونی پێگەی حیزبەکە، خەنجەر لە بەڵێنەکەی پاشگەز بووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەش بوار زانیویەتى، ڕاکان جبووری لەوە دەترسێت مانەوەی لە پاڵ خەنجەردا، نەک هەر پێگەکەی لەدەست بدات، بەڵکو ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سیاسی سەختی بکاتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، خودی خەمیس خەنجەر و پارتەکەی بە دۆخێکی هەستیار و لاوازی سیاسیدا تێدەپەڕن، لەلایەکەوە هەڵوێستیان لەلای چوارچێوەی هەماهەنگی (لایەنی شیعی) پەسەند نییە، لەلایەکی دیکەشەوە متمانەیان لەناو هێزە سوننییەکانی تردا لە پاشەکشەدایە، ئەمەش وایکردووە سەرکردەکانی وەک ڕاکان جبووری کەشتییەکەی خەنجەر جێبهێڵن بەر لەوەی نقوم ببێت.
