گرنگ

مەترسی لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم؛ 'سەرسەختترین نەیاری کورد' دەبێتە وەزیری دارایی عێراق

2026-05-16

 

بوار، تایبەت
لەگەڵ ڕۆیشتنی تەیف سامی و نزیکبوونەوەی کاتی دەستبەکاربوونی وەزیری نوێی دارایی عێراق، شەپۆلێکی نیگەرانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە فالح ساری، بەربژێر بۆ وەزارەتی دارایی 'سەرسەخترین نەیاری کوردە'.

🔴ڕابردوویەکی پڕ لە دژایەتی
فالح ساری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و لەناو لێژنەی داراییدا، وەک یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە. بەپێی قسەکانی سۆران عومەر و کاوە محەمەد، پەرلەمانتارانی کورد لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ساری دژ و نەیاری کوردە.
📌دژایەتی هەموو دۆسیەکان: لە هەر پرسێکدا ناوی هەرێمی کوردستان گیرابێت، ساری دەنگی "نەخێر"ی هەڵبڕیوە، سۆران عومەر دەڵێ، تەنانەت هەڵەبجەش بووە 'دژایەتیکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە یەکێکە لەو خاڵە هەرە نەرێنییانەی کە لە کارنامەی پەرلەمانیی ئەودا تۆمار کراوە'.

🔴ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ مووچەی فەرمانبەران
چاودێران پێیان وایە دانانی ساری لەم پۆستەدا، 'پەیامێکی توندە بۆ هەولێر'. ئەگەر پێشتر کێشەکان لەگەڵ (تەیف سامی)دا تەنها تەکنیکی بووبێتن، ئەوا لەگەڵ هاتنی ساری، کێشەکان ڕەهەندێکی سیاسی و کەسیی توندتر وەردەگرن.

'ئەگەر فالح ساری ببێتە وەزیری دارایی، دەبێت چاوەڕێی ئاڵۆزتربوونی کێشەکان بین و ڕەنگە لە داهاتوودا خۆزگە بە سەردەمی تەیف سامی بخوازین' کاوە محەمەد، وادەڵێ.

🟢تاکە خاڵی ئومێدبەخش
لەناو ئەم هەموو تەمومژەدا، تەنها یەک خاڵ وەک لایەنی ئەرێنی دەبینرێت، ئەویش ئەوەیە کە ناوبراو سەر بە ڕەوتی حیکمەیە (عەممار حەکیم)ە. بەوپێیەی حەکیم پەیوەندییەکی مێژوویی و هاوسەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد هەیە، ڕەنگە بتوانرێت لە ڕێگەی فشارە سیاسییەکانی سەرۆکی ڕەوتەکەوە، توندییەکانی ئەم وەزیرە نوێیە بەرامبەر بە مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان خاو بکرێتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color