#بوار
هۆشدارییەکی بەپەلە لە گرانبوونی نرخى کەلوپەلەکان دەدرێت، ئەوەش بەهۆى ئەگەرى بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی بەسەر بازاڕەکانی ناوخۆوە.
ناسر تەمیمی، شارەزای دیاری ئابووری، هۆشدارییەکی تووند دەداتە ناوەندە داراییەکان و ئاشکرای دەکات، ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاران، تەنها ململانێیەکی سەربازی نین، بەڵکو گەردەلولێکن، کە ڕاستەوخۆ بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهان و عێراقدا بەرزدەکەنەوە.
تەمیمی جەخت لەوە دەکاتەوە، لە کاتی قەیرانەکاندا، دۆلار دەبێتە "پەناگەی ئارام"، ئەمەش وادەکات خواست لەسەری بەشێوەیەکی خێرا بەرز ببێتەوە و نرخی ئاڵوگۆڕ تووشی هەڵبەز و دابەزی زۆر بکات.
ئەو شارەزایە ئابوورییە ئاماژە بە مەترسییەکی گەورە دەکات و دەڵێت: "کاریگەریی ئەم قەیرانە نێودەوڵەتییانە بەخێرایی سنورەکان دەبڕن و لە ڕێگەی کەناڵەکانی بازرگانی دەرەکی و حەواڵەی داراییەوە دەگەنە عێراق"، ئەوەشی خستەڕوو، بازاڕی ڕەش زۆرترین پشکی لەم ناسەقامگیرییە بەردەکەوێت و مامەڵە پێشوەختەکان دەگەنە لوتکە، ئەمەش بۆشایی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ زۆر فراوانتر دەکات.
بەشێکى زۆرى هۆشدارییەکەی تەمیمی پەیوەندی بە بژێوی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، بەپێی شیکردنەوەکانی، هەر شڵەژانێک لە نرخی دۆلاردا، وەک کاردانەوەیەکی خێرا توانای کڕینی هاووڵاتیی عێراقی کەمدەکاتەوە.
هەروەها دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەم دۆخەوە، نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان بە دیاریکراوی ماددە خۆراکییە بنەڕەتییەکان و کەرەستەی بیناسازی بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی بەخۆیانەوە ببینن، کە فشارێکی قورس دەخاتە سەر شانی بەکاربەران.
تەمیمی مانەوەی ئابووریی عێراق بە سەلامەتی، گرێدەدات بە توانای بانکی ناوەندی و سیاسەتە نەختینەییەکانی وڵاتەوە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی نرخەکان و پاراستنی سەرمایە