گرنگ

لە بریکارێکی هەواڵگریی ئەمریکییەوە بۆ سیخوڕێک بۆ ئێران

2026-05-16

 

چیرۆکی مۆنیکا چییە؟ 
ظبوار
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ڕایگەیاند، بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلار پاداشت دەدات بە هەر کەسێک زانیارییەک بدات، ببێتە هۆی دەستگیرکردنی (مۆنیکا ویت)، کە سەربازێکی پێشووی سوپای ئەمریکا و بریکارێکی پێشووی هەواڵگرییە لە بواری دژە سیخوڕیدا.

لە مانگی شوباتی ٢٠١٩، ویت لەلایەن دەستەی سوێندخۆرانی فیدراڵییەوە لە ناوچەی کۆڵۆمبیا ڕووبەڕووی تۆمەتی سیخوڕی بووەوە، لە نێویاندا دزەپێکردنی زانیاری پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئێران.

بەپێی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی، لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە واشنتۆن بڵاوکراوەتەوە، ویت، کە بریکارێکی پێشووی هەواڵگریی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و بریکارێکی تایبەتی نووسینگەی لێکۆڵینەوە تایبەتەکانی هێزی ئاسمانی بووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٨ لە سوپادا خزمەتی کردووە، پێش ئەوەی تا ساڵی ٢٠١٠ وەکو بەڵێندەر لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا کار بکات.

خزمەتە سەربازییەکەی و کارکردنی وەک بەڵێندەر ڕێگەی پێداوە دەستی بگات بە زانیارییە زۆر نهێنییەکان، کە پەیوەندییان بە هەواڵگریی دەرەکی و دژە سیخوڕییەوە هەیە، لە نێویاندا ناوە ڕاستەقینەکانی ئەندامە نهێنییەکانی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکی.

بەپێی تۆمەتنامەکە، بەرپرسان بانگەشەی ئەوە دەکەن ویت زانیاریی هەستیاری داوەتە حکومەتی ئێران، ئەمەش زانیاری و بەرنامە هەستیار و نهێنییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە.

بەگوێرەی تۆڕی "فۆکس نیوز"، ئێستا ویت لە ئێران نیشتەجێیە و بە زمانی فارسی قسە دەکات، لەوانەیە ناوە خواستراوەکانیش بەکاربهێنێت، لەوانە "فاطمة الزهراء" یان "نرجس ویت".

پێدەچێت ویت "بە ئەنقەست زانیاریی پێشکەش کردبێت، کە ژیانی ئەو ئەمریکییانە و خێزانەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بەرژەوەندی ئێران کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوپیشە پێشووەکانی لە حکومەتی ئەمریکادا بکاتە ئامانج."

دەزگای (FBI) ڕایگەیاند: "جیابوونەوەی ویت و چوونە پاڵ ئێران سوودی بە سوپای پاسداران گەیاندووە، کە پێکهاتووە لەو ئەندامانەی بەرپرسیارن لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، جەنگی ناتەقلیدی، پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ بۆ چەندین ڕێکخراوی تیرۆریستی، کە هاوڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج."

ئەم پێشهاتانە لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا دێت، لەسەر پاشخانی جەنگ و قەیرانی گەرووی هورمز، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی جەختی لەوە کردەوە، "بەردەوامە لە کارکردنی چالاکانە بۆ دۆزینەوەی ویت و ڕاپێچکردنی بۆ بەردەم دادگا."

دانیال ویرزبیکی، بریکاری تایبەتی بەرپرس لە بەشی دژە سیخوڕی و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە واشنتۆن وتی: "پێدەچێت مۆنیکا ویت زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر خیانەتی لە سوێندەکەی بۆ دەستوور کردبێت بە چوونە پاڵ ئێران و پێدانی زانیاریی پەیوەست بە بەرگریی نیشتمانی بە ڕژێمی ئێران، و ئەگەر زۆرە کە هێشتا پشتگیری لە چالاکییە گوماناوییەکانی ئەو ڕژێمە دەکات."

ویرزبیکی هەروەها وتی: "نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لەبیری نەکردووە، و بڕوای وایە لەم ساتە هەستیارەی مێژووی ئێراندا، کەسانێک هەن شتێک دەزانن دەربارەی شوێنی نیشتەجێبوونی، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەیەوێت پەیوەندیتان پێوە بکات بۆ یارمەتیدانمان لە دەستگیرکردنی ویت و هێنانی بۆ بەردەم دادگا."

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color