محەمەد باقر سەعد کێیە؟
ئەو سەرکردەیەی "حزبوڵڵا"ـی عێراقی کە واشنتن دەستگیری کرد
#بوار
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقییان ڕاگەیاند بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و کەنەدا و ئەوروپا، لەنێویاندا هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر شوێنە جوولەکەنشینەکان.
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) ڕایگەیاند، محەمەد باقر سەعد داود سەعدی، کە وەک بەرپرسێک لە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی ناسێندراوە دەستگیرکراوە، "ئامانجێکی زۆر گرنگە و بەرپرسیارە لە کارە تیرۆریستییە بەکۆمەڵەکان لەسەر ئاستی جیهان".
واشنتن کەتائیبی حزبوڵڵا وەک "گرووپێکی تیرۆریستی" پۆلێن دەکات، ئەم گرووپە بەردەوام بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک بۆ سەر ئەو بنکانە ڕادەگەیەنێت، کە سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆدەگرن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، سەعدی گواستراوەتەوە بۆ ئەمریکا، بێ ئەوەی شوێن و کاتی دەستگیرکردنەکەی ڕوون بکاتەوە، ڕۆژی هەینی لە بەردەم دادوەرێکی فیدراڵی لە نیویۆرک ئامادە بوو.
دادوەرەکە بە فەرمی شەش تۆمەتی پەیوەست بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئاراستە کرد، ڕەوانەی زیندانی ڕاگیراوان (زیندانى فیدراڵى) کرا.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، ئەو هاووڵاتییە عێراقییە تەمەن 32 ساڵە و هاوبەشەکانی "پلان و هەماهەنگییان کردووە و بەرپرسیارێتی لایەنی کەم 10 هێرشی تیرۆریستییان لە ئەوروپا و دوو هێرشیان لە کەنەدا لە ئەستۆ گرتووە" وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشە سەربازییەی، کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ـی شوبات کردیانە سەر ئێران.
وەزارەتی داد ئاماژەی بە ڕووداوێکی چەقۆلێدان کرد، کە تیایدا دوو پیاوی جوولەکە لە کۆتایی مانگی نیسان لە لەندەن کرانە ئامانج و ئەنجامدەرەکەی دەستگیرکراوە و چاوەڕوانی دادگاییکردن دەکات.
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بە هێرشەکانی ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست، یان هەوڵی ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست کرد، کە کەنیسەیەکی جوولەکەکان، فرۆشگاکانی ئیسرائیل و قوتابخانە جوولەکەکانی لە ئەمستردام، میونشن و چەند شوێنێکی دیکە کردووەتە ئامانج.
تا ئێستا ڕۆڵی تەواوەتی سەعدی بە ڕوونی دیار نییە، بەڵام بەڵگەنامەکانی دادگا ئاماژە بە گرتە ڤیدیۆییە پڕوپاگەندەییەکان دەکەن، کە دوای هێرشە جیاوازەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەعدی هەروەها بە زانیاریدەرێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی (FBI) گوتووە، کە خۆی یان هاوبەشەکانی تێوەگلاون لە هێرشەکانی ئەوروپا و دوو هێرش لە کەنەدا.
سەبارەت بە پلانەکانی لە ئەمریکا، گومانلێکراوەکە تۆمەتبارە بە پێدانی وێنە و نەخشە بە بریکارێکی نهێنی، کە ئاماژە بە شوێنی کەنیسەیەکی سەرەکی جوولەکەکان دەکەن لە نیویۆرک، لەگەڵ دوو دامەزراوەی دیکەی جوولەکەکان لە لۆس ئەنجلۆس و سکۆتسدەیل لە ئەریزۆنا، و فەرمانی پێکردووە هێرشی تیرۆریستی بکاتە سەر ئەو شوێنانە.
هەروەها، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بریکارە نهێنییەکە باسی لەو شێوازە کردووە، کە هێرشەکەی پێ ئەنجام دەدرێت بۆ سەر کەنیسەکەی نیویۆرک، و ئاماژەی بە بەکارهێنانی بۆمبێکی چێندراوی دروستکراوی ناوخۆیی کردووە، جێی ئاماژەیە کە هیچ هێرشێک ڕووی نەداوە.
بەپێی وەزارەتی داد، لە ڕابردوودا سەعدی "لە نزیکەوە" کاری لەگەڵ لیوا قاسم سولەیمانی کردووە، کە لە مانگی یەکی ساڵی 2020ـدا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا، و چەندین جار بە ئاشکرا داوای ئەنجامدانی هێرشی دژی ئەمریکییەکان کردووە