#بوار
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرایکرد، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکارییەکی چڕ دەکەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، کە ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشبینییەکان بۆ شکستى گفتوگۆکان زیاتربوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ببێتەوە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئەوەی ڕاپۆرتەکە بە "ئەنجومەنەکانی ئاشتی" وەسفی کردووە، پەکخران.
ڕۆژنامەکە لە زاری ترەمپەوە گواستوویەتیەوە، پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران قبوڵکراو نییە، دەشڵێت: "ئەگەر ڕستەی یەکەمم بەدڵ نەبێت ئەوا فڕێی دەدەمە تەنەکەی خۆڵەوە"، هەروەها هەڕەشەکانی دووپاتکردەوە، کە تاران "یان ئەوەتا دەگاتە ڕێککەوتن یانیش وێران دەکرێت."
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە میانی دانیشتنێکی گوێگرتن لە کۆنگرێس جەختی لەوە کردووەتەوە، سوپای ئەمریکا "پلانێکی هەیە بۆ هەڵکشانی گرژییەکان ئەگەر پێویست بکات"، ڕوونیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنی "ئیپیک فیوری"، کە مانگی ڕابردوو هەڵپەسێردرا، لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، بژاردە پێشنیازکراوەکان بریتین لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی چڕتر بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازی ئێران، شانبەشانی تاوتوێکردنی سیناریۆیەکی مەترسیدارتر کە خۆی دەبینێتەوە لە بڵاوەپێکردنی هێزی تایبەت لە ناوخۆی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرەستە ئەتۆمییانەی لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە، بەتایبەتی لە وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان.
لە بەرامبەردا، ئێران ئامادەیی خۆی بۆ وەڵامدانەوە دووپاتکردەوە، و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ ئەنجامدانی وەڵامێکی گونجاو، و وتیشی "جیهان تووشی سەرسوڕمان دەبێت."
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەواڵگری ئەمریکا پێیوایە تاران توانای گەیشتنی ئۆپەراسیۆنی بۆ 30 لە کۆی 33 بنکەی موشەکی بە درێژایی گەرووی هورمز بەدەستهێناوەتەوە، ئەمەش هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەشتیوانی و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە.
لە ئیسرائیلیش، پێشبینییەکان لە زیادبووندان، گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەرەو داڕمان دەچن، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی کە دامەزراوەکانی وزە، ژێرخانی پیشەسازی، بنکەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی و سیستەمی موشەکی ئێران دەکەنە ئامانج.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی ئەگەر ڕووبدات، ئەوا بە شێوەیەکی سەرەکی وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان دەکاتە ئامانج، کە پێدەچێت نزیکەی 200 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو لەخۆبگرێت بە ڕێژەیەک کە دەگاتە 60 لەسەدا، ئەم ڕێژەیەش دەکرێت بەرزبکرێتەوە بۆ 90 لەسەدا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.