گرنگ

بەرەی سکاڵاکانی بەغدا دژی هەولێر فراوانتر دەبێت؛ ڕافیدەین و کۆمپانیای دڵنیایی چوونە پاڵ تەیف سامی

2026-05-17

 

بوار، تایبەت
ململانێ یاسایی و کارگێڕییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای سکاڵاکەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، ئێستا دوو دامەزراوەی دیکەی دارایی فیدراڵ چوونەتە بەرەی سکاڵاکاران دژی بڕیارێکی 34 ساڵ لەمەوبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە خاوەندارێتی و بەناوکردنی موڵکە دەوڵەتییەکان.

🔴ناوەڕۆکی کێشەکە و سکاڵا نوێیەکان
بانکی ڕافیدەین و کۆمپانیای نیشتمانیی دڵنیایی عێراق، هاوشانی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، سکاڵایەکی فەرمییان لە دادگەی باڵای فیدراڵی دژی سێ بەرپرسی باڵای هەرێم 'سەرۆکی حکوومەت، وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری داد' تۆمار کردووە.
سکاڵاکاران داوادەکەن بڕیاری ژمارە (3326)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەرچووە بە 'نادەستووریی' بناسرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکە، سەرجەم موڵک و ماڵەکانی حکوومەتی عێراق 'باڵەخانەی فەرمانگەکان، شووقەی نیشتەجێبوون و دامەزراوە حکومییەکان' گوازراونەتەوە و بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون.

🟢پێگەی یاسایی هەرێم؛ دادگەی فیدراڵی دەسەڵاتی هەیە؟
لە بەرانبەر ئەم جووڵانەوەیەدا، پسپۆڕانی یاسایی پێشبینی دەکەن، سکاڵاکان لە دادگەی فیدراڵی ڕەتبکرێتەوە، بەوپێیەی پێداچوونەوە بەم جۆرە بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە دەرەوەی دەسەڵات و پسپۆڕی کارگێڕی و یاسایی دادگەی فیدراڵییە، هەروەک ئەم جۆرە سکاڵایانە تەنیا لە دەوڵەتێکی مەرکەزیدا جێی دەبێتەوە 'هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی، مافی تەواوی کارگێڕیی هەیە لە بەڕێوەبردن و دەرکردنی بڕیاری لەم شێوەیە لەسەر خاکەکەی خۆی'.

🟢وادەی یەکەم دانیشتن
بەگوێرەی خشتەی فەرمیی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی 2026، یەکەم دانیشتنی تایبەت بە بینینی ئەم سکاڵایانە بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لێ بکەوێتەوە

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color