بوار، تایبەت
لە هەنگاوێکی بێ پێشینەدا کە بە پەرەسەندنێکی ستراتیژیی و داهێنەرانە لە بواری توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، تیمێک لە مامۆستایان و پسپۆڕانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر سەرکەوتووانە توانییان ئامێری زانستیی پێشکەوتوویی (Automated Organ Bath) دیزان و درووستبکەن.
ئەم دەستکەوتە دوای شەش مانگ لە کارکردنی بەردەوام و ماندوبوونی بێوچان لە تاقیگەی فیسیۆلۆجی پێشکەوتوو (Advanced Physiology Lab.) لە بەشی بایۆلۆجیی کۆلێژی زانست هاتە بەرهەم.
هاوکێشەی دارایی؛ داهێنانێک بە تێچوویەکی کەم
گرنگیی ئەم پڕۆژەیە تەنها لە ڕەهەندە زانستییەکەیدا نییە، بەڵکو شۆڕشێکە لە کەمکردنەوەی تێچووی دارایی و پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی بە جۆرێک نرخی ئامێرەکە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان 20,000 دۆلاری ئەمریکییە، بەڵام تێچووی درووستکردنی لە کۆلێژی زانست تەنها 1,000 دۆلارە.
ئەمە بەو مانایەیە کە تیمە زانستییەکەی زانکۆی سەلاحەدین توانیویانە بە تەنها ٪٥ی نرخی بازاڕی جیهانی، ئەم ئامێرە بۆ زانکۆکەیان دابین بکەن و بڕی ١٩ هەزار دۆلار بۆ گەنجینەی گشتیی بگەڕێننەوە.
لە ئامێرە ئۆڕجینەڵەکە 'وردتر و پێشکەوتووترە'
ئەم داهێنانە تەنها کۆپیکردنەوەی ئامێرە بیانییەکە نییە؛ تیمی توێژەران بە بەکارهێنانی چەندین پارچەی وردی ئەلیکترۆنی و میکانیکی، گۆڕانکاریی زانستیی زۆر وردیان لە پێکهاتەی ئامێرەکەدا کردووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەم ئامێرە نوێیە زۆر وردترە لە ئامێرە ئۆڕجینەڵە جیهانییەکە لە ڕووی تۆمارکردنی ئەنجامی توێژینەوەکانەوە.
ئێستا ئامێرەکە بە فەرمی کەوتووەتەگەڕ و لە تاقیگەکاندا بۆ توێژینەوەی زانستی بەکاردێت، کە توانیویەتی چەندین ئەنجامی گرنگ و پشتڕاستکراوە بەدەستبهێنێت.
گرنگیی ئەم داهێنانە بۆ زانکۆی سەلاحەدین
ئەم هەنگاوە داهێنەرانەیە دەبێتە وەرچەرخانێک بۆ:
١.پێشخستنی ئاستی زانستی: بەرزکردنەوەی پێگەی ئەکادیمیی کۆلێژی زانست و زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
٢. خزمەتکردنی خوێندنی باڵا: دابینکردنی ژینگەیەکی نموونەیی بۆ قوتابییانی ماستەر و دکتۆرا و توێژەرانی بواری فیسیۆلۆجی گیانەوەر.
٣. خۆبژێوی زانستی: چیدی زانکۆ پێویستی بە کڕینی ئەم ئامێرە گرانبەهایانە لە دەرەوەی وڵات نابێت.
ئەندازیاران و قارەمانانی پشت ئەم داهێنانە
ئەم شانازییە مەزنە بەهۆی لێهاتوویی و دڵسۆزیی ئەم لێژنە زانستی و تەکنیکییە پسپۆڕەوە بەدیهات، لەوانە:
پ.د. اسماعیل مصطفی مولود
د. نزار محمد شریف
م. گۆڤەند موسی قادر
خدر حمد امین (ئەندازیاری کارەبا)
ئەم سەرکەوتنە سەلماندی کە ئەگەر دەرفەت و پاڵپشتییان بدرێتێ، پسپۆڕانی کورد دەتوانن داهێنانی گەورە بکەن