#بوار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ، ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی دەستپێکردنەوەی جووڵەی سەربازی دژی ئێران کرد.
ترەمپ لە پلاتفۆرمەکەدا نووسیویەتی: "بێدەنگی پێش گەردەلوول"، لەگەڵ پۆستەکەشدا وێنەیەکی خۆی داناوە، کە لە پشتیەوە گەردەلوولێکی گەورە و کەشتیگەلی جەنگی دەردەکەون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی هێرشی سەربازی دژی ئێران دەبینرێت.
پێش ئەوەش، ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئێران ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر سەخت دەبێتەوە ئەگەر نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵیدا.
لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵی "BFM"ـی فەرەنسی ڕوونیکردەوە، نازانێت ئایا بەم زووانە دەگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران یان نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد ئێرانییەکان ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکەن، ترەمپ وتیشی: "ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، ئێران ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر سەخت دەبێتەوە".
پێشتریش ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرایکردبوو، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکارییەکی چڕ دەکەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، کە ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت، ئەمەش لە سایەی زیادبوونی پێشبینییەکان بۆ داڕمانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ببێتەوە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران.
ڕۆژنامەکە لە زاری ترەمپەوە گواستوویەتیەوە، پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران قبوڵکراو نییە، دەڵێت: "ئەگەر ڕستەی یەکەمم بەدڵ نەبێت ئەوا فڕێی دەدەمە تەنەکەی خۆڵەوە"، هەروەها هەڕەشەکەی دووپاتکردەوە، تاران "یان ئەوەتا دەگاتە ڕێککەوتن یانیش وێران دەکرێت".
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە میانەی دانیشتنێکی گوێگرتن لە کۆنگرێس جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سوپای ئەمریکا "پلانێکی بۆ هەموو ئەگەرەکان هەیە لە کاتی پێویستدا"، ڕوونیکردەوە، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"، کە مانگی ڕابردوو هەڵپەسێردرا، دەستپێبکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، بژاردە پێشنیازکراوەکان بریتین لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی چڕتر بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازی ئێران، شانبەشانی تاوتوێکردنی سیناریۆیەکی مەترسیدارتر، کە خۆی دەبینێتەوە لە جێگیرکردنی هێزە تایبەتەکان لە ناوخۆی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماددە ئەتۆمییەکان، کە لە ژێر زەویدا شاردراونەتەوە، بەتایبەتی لە وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان.