گرنگ

لەسەر شێوازی "جەیمس بۆند".. کۆشکی سپی وێنەیەکی ترەمپ بڵاودەکاتەوە

2026-05-17

 

#بوار
کۆشکی سپی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "ئێکس" وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە، تێیدا لەسەر کەسایەتیی جەیمس بۆند بە ڕۆڵی "بریکاری 007" دەردەکەوێت، کۆشکی سپی وێنەکەی بە دەستەواژەی "با جارێکی تر ئەمریکا مەزن بکەینەوە" هاوپێچ کردووە.

پێشتریش ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی هەنگاوی سەربازیی نوێ دژی ئێران کردبوو، ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمەکە نووسیویەتی: "بێدەنگیی پێش گەردەلوول"، پۆستەکەشی بە وێنەیەکی خۆی هاوپێچ کردووە، لە پشتیەوە گەردەلوولێکی گەورە و کەشتیی جەنگی دەبینرێن، وەک ئاماژەیەک بوو بۆ نزیکبوونەوەی جووڵەی سەربازی دژی ئێران.

پێش ئەوەش، ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر خراپ دەبێتەوە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن لەگەڵیدا، هەروەها بە کەناڵی "بی ئێف ئێم"ـی فەرەنسی ڕاگەیاند، نازانێت ئایا بەم زووانە لەگەڵ ئێراندا دەگەنە ڕێککەوتن، یان نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکەن.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێران ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر خراپ دەبێتەوە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن."

پێشتریش ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاشکرای کردبوو، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاریی چڕ دەکەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، لەوانەیە هەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بێت، ئەمەش لە ناوەڕاستی هەڵکشانی ئەو پێشبینییانەی، کە باس لە داڕمانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ببێتەوە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران.

ڕۆژنامەکە لە زاری ترەمپەوە گواستوویەتیەوە، پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران قبوڵکراو نییە، دەڵێت: "ئەگەر ڕستەی یەکەمیم بەدڵ نەبێت، فڕێی دەدەمە تەنەکەی خۆڵەوە"، هەروەها هەڕەشەکەی دووپاتکردەوە، تاران "یان ئەوەتا دەگاتە ڕێککەوتن یانیش وێران دەکرێت".

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پیت هێگسێس، وەزیری شەڕی ئەمریکا، لە میانەی دانیشتنێکی گوێگرتندا لە کۆنگرێس جەختی لەوە کردووەتەوە، سوپای ئەمریکا "پلانی هەیە بۆ پەرەسەندن ئەگەر پێویست بکات"، ڕوونیشیکردووەتەوە لەوانەیە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"، کە مانگی ڕابردوو هەڵپەسێردرا، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە.

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، بژاردە پێشنیازکراوەکان بریتین لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی چڕتر بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازیی ئێران، لەگەڵ تاوتوێکردنی سیناریۆیەکی مەترسیدارتر، کە خۆی دەبینێتەوە لە بڵاوەپێکردنی هێزی تایبەت لە ناوخۆی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کەرەستە ئەتۆمییانەی لە ژێر زەویدا نێژراون، بەتایبەتی لە وێستگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color