گرنگ

هەورەبرووسکە و تاوە باران بەردەوام دەبێت

2026-05-17

 

 
کەشێکی ناسەقامگیر هەرێم دەگرێتەوە؛ لەم ناوچانە ئەگەری تاوە باران و هەورەبرووسکە هەیە
#بوار
هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی فێنکدا دەمێنێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری تاوە باران هەیە.
 
بەهۆی بەردەوامیی کاریگەرییەکانی بارستە هەوایەکی فێنک، کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵیکردووە، لەگەڵ مانەوەی سیستەمێکی هەوای سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، پێشبینی دەکرێت ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
 
بەپێی نوێترین پێشبینییە کەشناسییەکان، ئەم حاڵەتە تا رۆژی هەینی بە شێوەیەکی لاواز بەردەوامیی دەبێت، لەم ماوەیەدا، چاوەڕوان دەکرێت رۆژانە لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و دهۆک، هەروەها هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین، ئەگەری چڕبوونەوەی هەورەبرووسکە و تاوە بارانی کورتخایەن هەبێت.
 
لە بەرامبەردا، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان کەمتر دەبێت؛ کەشوهەوا لەو ناوچانەدا زیاتر جێگیر دەبێت و تەنها پێشبینی دەرکەوتنی پەڵەهەوری جیاجیا لە ئاسماندا دەکرێت.
 
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما، پێشبینییەکانى کەشناسی ئاماژە بەوە دەکەن، لە سبەی دووشەممەوە، پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن، سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە، گۆڕانکارییەکە زۆر نابێت و بە گشتی پلەکانی گەرما لە خوار ئاستی ئاسایی ئەم کاتەی ساڵەوە دەمێننەوە، کە ئەمەش کەشێکی بەهاریی فێنک بە ناوچەکان دەبەخشێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color