گرنگ

ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکان دژی ئێران

2026-05-17

 
کەناڵی ١٣ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکان دژی ئێران، بە مەبەستی ناچارکردنی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان لە پێگەیەکی لاوازەوە.
کەناڵی ١٣ ڕوونیشیکردەوە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخان و ئامانجەکانی وزە دەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو هەنگاوە، ئەگەر هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامبدرێت، لەوانەیە ئێرانییەکان هەوڵبدەن لە ڕۆژەکانی سەرەتادا بە ئاراستەکردنی دەیان مووشەک لە ڕۆژێکدا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل وەڵام بدەنەوە.
کەناڵەکە لە زاری ئەفسەرێکی باڵاوە گواستییەوە، سوپا پێیوایە ڕێژەی هەڵدانی مووشەکەکان وردە وردە کەمدەبێتەوە، بەپێی ئەزموون لە ئۆپەراسیۆنی پێشووی "نەڕەی شێر" دژی ئێران، هەروەها هاوشێوەی مووشەکە هەڵدراوەکانی قۆناغی پێشوو دەبێت.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئامانج لە دەستپێکردنەوەی شەڕەکە زیانگەیاندنە بە ئێرانییەکان و گەڕاندنەوەیانە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان لە پێگەیەکی لاوازەوە.
بەپێی پلانەکان، پێشبینی دەکرێت ئەو گورزەی پلان بۆ داڕێژراوە بەئامانجگرتنی ژێرخانی نیشتمانی و ئامانجەکانی وزە و وێستگەکانی کارەبا لەخۆبگرێت.
هەروەها پێدەچێت لە هێرشە هاوبەشەکەدا، هێزی ئاسمانی هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسە باڵاکانی ئێران بدات، سوپای ئیسرائیل هیوادارە شەڕەکە تەنها بۆ چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
ئەم ئامادەکارییانەی ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێک دێت، کە بەیانی ڕۆژی شەممە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە "ئامادەکارییەکی چڕ" کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە هەفتەی داهاتوودا.
بەپێی سەرچاوەکان، ڕاوێژکارەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانی هێرشی بەرفراوانیان داڕشتووە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئامانجەکان ژێرخانی سەربازی و حکومی دەگرێتەوە، هەروەها ئەگەری چوونە ناوەوەی هێزە تایبەتەکان بۆ ناو خاکی ئێران بە مەبەستی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەدوور نازانرێت.
هەروەها لەناو سوپای ئیسرائیلدا ئەو پێشبینییە لە زیادبووندایە، کە ڕەنگە ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین فەرمانی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بدات، بە مەبەستی شۆککردنی ڕژێمەکە بۆ جاری سێیەم لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color