گرنگ

هەواڵگریی ناتۆ هۆشدارى دەدات

2026-05-17

 

ئێران هێشتا زۆربەی توانا موشەکییەکانی پاراستووە
بوار
ڕاپۆرتە میدیاییەکانی بەریتانیا لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە، ئاشکرایان کرد، دەزگا هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێیانوایە، ئێران هێشتا زۆربەی توانا موشەکییەکانی خۆی پاراستووە، سەرەڕای ئەو هێرشە سەربازییانەی دوایی کرانە سەر چەند پێگەیەک لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، "دەزگا هەواڵگرییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی تاران هێشتا دەستی بە بەشێکی گەورەی جبەخانە موشەکییەکەی و دامەزراوە سەربازییە قایمکراوەکانی ژێر زەوی دەگات".

هاوکات خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی 90%ـی بنکەکانی هەڵدانی موشەک و کۆگا سەربازییەکانی ئێران هێشتا بە شێوەیەکی نیمچەیی، یان تەواوەتی کار دەکەن، ئەمەش توانای ئەوە دەداتە ئێران بۆ چەندین مانگ بەردەوامی بە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی پێشبینیکراو لەگەڵ ئەمریکادا بدات.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا دەستیان بە هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران کرد، پێش ئەوەی لە 8ـی نیساندا ئاگربەست لە نێوان واشنتۆن و تاران ڕابگەیەندرێت.

سەرەڕای هێوربوونەوەی دۆخەکە، دواتر ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە بەرامبەریشدا تاران جێبەجێکردنی ڕێسای تایبەتی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا ڕاگەیاند، ئەمەش گرژییە هەرێمییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی وزە و هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color