کەنەدا تووشبوونێکی بە ڤایرۆسی هانتا پشتڕاست کردەوە
#بوار
دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە کەنەدا پشتڕاستیان کردەوە، هاووڵاتییەکی کەنەدی تووشی ڤایرۆسی هانتا بووە، دوای ئەوەی لەسەر کەشتیی گەشتیاریی "ئێم ڤی هۆندیۆس" بووە، لە کاتێکدا بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە نۆ کەس، کە بەرکەوتەیان لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسەکەدا هەبووە.
ئاژانسی تەندروستیی گشتیی کەنەدا بڵاویکردەوە، تاقیگەی نیشتمانی بۆ زانستی مایکرۆبایۆلۆجی لە وینیپێگ لە 16ـی ئایاردا ئەنجامی پۆزەتیڤی یەکێک لە نموونەکانی پشتڕاست کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە پشکنینی کەسێکی دیکە یاوەری حاڵەتە پشتڕاستکراوەکە بووە، نێگەتیڤ دەرچووە.
ئاژانسەکە جەختی لەوە کردەوە، مەترسی لەسەر دانیشتووانی گشتی لە کەنەدا هێشتا کەمە، هیچ حاڵەتێکی دیکەی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتای جۆری ئەندێز لەسەر کەشتییەکە تۆمار نەکراوە.
کەشتییەکە لە یەکەمی نیسان لە ئەرجەنتینەوە بۆ گەشتێک بەناو زەریای ئەتڵەسیدا بەڕێکەوتبوو، پێش ئەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە دەگمەنە تۆمار بکرێن، کە لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە دەگوازرێتەوە.
جۆری "ئەندێز" (Andes) تەنها جۆرە، کە تا ئێستا زانراوە توانای گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا هەبێت.
لە بەریتانیاش، ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بەریتانی بڵاویکردەوە، نۆ کەس، کە هیچ نیشانەیەکیان نییە دەگەنە وڵاتەکە دوای ئەوەی بەرکەوتەیان لەگەڵ حاڵەتە گومانلێکراوەکاندا هەبووە لە دوورگەکانی سەینت هێلینا و ئاسانشین، بڕیاریشە بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی دابڕاندن (کەرەنتینە) لە نەخۆشخانەی ئارۆ پارک لە نزیک لیڤەرپوول.
ئاژانسەکە ڕوونیشی کردەوە، کارمەندێکی فریاگوزاری لە دوورگەی ئاسانشین دوای بەرکەوتنی بە کەسێکی تووشبوو، نیشانەکانی تێدا دەرکەوتووە و لە ئێستادا لە بەریتانیا چارەسەر وەردەگرێت.
هەروەها نزیکەی 20 سەرنشینی هەمان کەشتی لە بەریتانیا لەژێر چاودێریی تەندروستیدان، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە دوورگەکانی کەنارییەوە گەڕێندرانەوە.
بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە سێ کەس.