#بوار
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا لە ئاستی "مەترسی نزم"دا هێشتووەتەوە، سەرەڕای نزیکبوونەوەی ئەو کەشتییە گەشتیارییەی، کە ڤایرۆسەکەی تێدا دەرکەوتووە لە کەناراوەکانی هۆڵەندا.
ڕێکخراوی تەندروستی راشیگەیاند، دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی مەترسییەکان بە پشتبەستن بە نوێترین زانیارییە بەردەستەکان دەریخستووە، کە مەترسی لەسەر تەندروستیی گشتی لە جیهاندا هێشتا نزمە، ئاماژەی بەوەشدا چاوەڕوان دەکرێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە پاش دابەزینی سەرنشینان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی چاودێری تەندروستی کەم ببێتەوە.
تەندروستیی جیهانی هەروەها جەختیکردەوە، مەترسی ڤایرۆسی هانتا لەسەر خەڵک هێشتا نزمە چاوەڕوان دەکرێت کەشتی "ئێم ڤی هۆندیۆس" لە بەندەری ڕۆتەردام لەنگەر بگرێت، کە 27 کەسی هەڵگرتووە، لە نێوانیاندا 25 کەس لە ئەندامانی تیمی کەشتییەکە و دوو کەسیش لە تیمی پزیشکین.
کەشتییەکە، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئۆشن واید ئێکسپیدیشنز"ـەوە بەڕێوەدەبرێت، بووبووە مانشێتی هەواڵەکان دوای گیانلەدەستدانی سێ سەرنشین بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی هانتا، کە نەخۆشییەکی دەگمەنە و هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی دیاریکراوی بۆ نییە.