گرنگ

هۆشداری لە ڕووەکێکی ژەهراوی دەدرێت

2026-05-18

 

هۆشدارییەکی توند لەبارەی ڕووەکی بکوژی "بوقی شەیتان" دەدرێت و تۆڕێکی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان هەڵدەوەشێنرێتەوە
بوار
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشدارییەکی توندی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڕووەکێکی زۆر ژەهراوی بەناوی "داتورا" بڵاوکردەوە، کە بە "بوقی شەیتان" ناسراوە، لە هەمان کاتیشدا، دەزگا ئەمنییەکان سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی تایبەتیان لە پارێزگای نەجەف ڕاگەیاند، تیایدا کۆتایی بە تۆڕێکی مەترسیداری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان هێنرا.

عەقید عەباس بەهادلی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، ڕووەکی داتورا، کە سەر بە خێزانی باینجانییەکانە، یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕووەکە کێوییەکان، ئەم ڕووەکە بە گوڵە گەورە قەیفەییەکانی و گەڵا سەوزە تۆخەکانی دەناسرێتەوە، بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنەوە، کەپسولێکی دڕکاوی هەیە، کە سەدان تۆوی کوشندەی تێدایە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایکرد، مەترسییە گەورەکەی ئەم ڕووەکە لە بوونی ئاوێتە کیمیاییە توندەکانی وەک "سکۆپۆلامین"، "هیۆسیامین" و "ئەترۆپین"دایە، بەرکەوتن یان مامەڵەکردنی هەڕەمەکی لەگەڵ ئەم ماددانە، دەبێتە هۆی وڕێنەکردنێکی توند، تێکچوونی مەترسیداری کۆئەندامی دەمار، لە زۆر حاڵەتیشدا بەهۆی ژەهراویبوونەوە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.

ئەم ڕووەکە زیاتر لە ناوچە گەرمەکان، قەراغ ڕووبارەکان، زەوییە پشتگوێخراوەکان و قەراغ شەقامەکان گەشە دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان و جوتیاران کردووە لەکاتی بینینی ئەم ڕووەکەدا بە سەلامەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن بۆ لەناوبردنی، یان دەستبەجێ لە ڕێگەی هێڵی گەرمی بێبەرامبەری (911)ـەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، چونکە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، ئاژەڵ و تەنانەت بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیش.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای نەجەف، پاش چاودێرییەکی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی چڕ، توانیان حەوت تۆمەتباری سەرەکی دەستگیربکەن، کە تێوەگلاون لە کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەکاتی هەڵکوتانە سەریاندا، دەست بەسەر بڕێکی بەرچاو لە ماددەی هۆشبەری جۆری "کریستاڵ"دا گیرا.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دادگا جێبەجێ کراون، ڕاشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکان چاوپۆشی ناکەن و پرۆسەی ڕاوەدوونان و وشککردنی سەرچاوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لەوەی شارەکانی عێراق نابنە پەناگەیەک بۆ ئەم جۆرە تۆڕە تاوانکارییانە.

لەم ساڵانەی دواییدا عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بووەتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە دەزگا ئەمنییەکان ستراتیژییەتی خۆیان بگۆڕن بۆ هێرشی پێشوەختە و چڕکردنەوەی هەڵمەتە هەواڵگرییەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕزگارکردنی توێژی گەنجان لەم پەتایە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color