گرنگ

کودەتایەکی سیاسی لە عێراق؛ نوری مالیکی سەرکردایەتیی بەرەیەکی نوێ دەکات بۆ لەکارخستنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی

2026-05-18

 

#بوار
• هاوپەیمانێتییەکی نوێ بە ناوی "بەهێزەکان" بۆ گۆڕینی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکهێنراوە.
• بەرەی نوێیەکە خاوەنی زیاتر لە 100 کورسییە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن.
• چاوەڕوان دەکرێت دوای پشووەکانی جەژن، پرۆسەکە ببرێتە ناو پەرلەمان.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرکردایەتیی بەرەیەکی فراوان دەکات بە مەبەستی لەکارخستنی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانK ئەم هەنگاوە لەلایەن چاودێرانەوە وەک "کودەتایەکی سیاسیی ناوخۆیی" وەسف دەکرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی حوکمڕانی.

ئەم جووڵەیەی مالیکی وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە پەراوێزخستنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و متمانەدان بە کابینەکەی عەلى زەیدی، کە تێیدا کاندیدەکانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستە وەزارییەکان متمانەیان پێ نەدرا.

بە گوێرەى زانیارییەکان، بۆ گەڕانەوەیەکی بەهێز بۆ نێو گۆڕەپانەکە، مالیکی هاوپەیمانێتییەکی نوێی بە ناوی "بەهێزەکان" ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانێتییە نوێیەکە پێکهاتووە لە نیوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە: هادی عامری، فالح فەیاز، موحسین مەندەلاوی، هومام حەمودی و ئەحمەد ئەسەدی.

هاوکات، بە قۆستنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حەلبوسی و موسەنا سامەڕائی، بەرەکەی مالیکی توانیویانە سامەڕائیش پەلکێشی ناو هاوپەیمانێتییەکەیان بکەن.

ئەم بەرەیە بە دیاریکراوی دژی بەرەى (سودانی، قەیس خەزعەلی، حەلبوسی، بافڵ تاڵەبانی و عەمار حەکیم) وەستاوەتەوە، کە پێشتر لە پێکهێنانی حکومەت و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا باڵادەست بوون.

یەکەمین ئامانجی ئەم هاوپەیمانێتییە، کە ئێستا بەهۆی پەیوەستبوونی کورسییەکانی موسەنا سامەڕائییەوە ژمارەیان لە 100 کورسی تێپەڕیوە، دوورخستنەوەی هەیبەت حەلبوسی و عەدنان فەیحانە لە پۆستەکانیان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەرنامەی ئەم بەرەیە ئەوەیە، کە موسەنا سامەڕائی لە شوێنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی لە شوێنی عەدنان فەیحان وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێرن.

زانیارییەکان لە ئێستادا، سەرکردەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، بڕیارە دەستبەجێ دوای پشووی جەژن پرۆژەکەیان ببەنە ناو هۆڵی پەرلەمان.

سەرچاوە سیاسییەکان پێشبینی دەکەن، ئەگەری هەیە پارتیی دیموکراتیی کوردستانیش بچێتە پاڵ ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، ئەم پێشهاتەش ململانێیەکی توند و دابەشبوونێکی قووڵ لەناو ماڵی شیعە، سوننە و کورددا دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی چوار ساڵی داهاتووی عێراق کە لە ئێستاوە دەرهاوێشتەکانی دەرکەوتوون

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color