گرنگ

نهێنی جموجوڵە نوێیەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چییە؟

2026-05-18

 

نهێنی جموجوڵە نوێیەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چییە؟
#بوار
دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئەرکێکی قورس و هەستیارەوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی عێراق، زانیارییە دزەپێکراوەکان باس لەوە دەکەن، ناوبراو وەک "نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق" دەستبەکار دەبێت، ئەمەش پرسیاری زۆری لەسەر ئامانجی سەردانە نهێنییەکانی ئەم دواییەی بۆ هەولێر دروست کردووە.

بەپێی زانیارییەکانى بوار، بڕیارە ناوبراو شوێنی مارک ساڤایە بگرێتەوە، کە پێشتر بۆ ئەو پۆستە دیاری کرابوو، بەڵام دەستبەکار نەبوو، هاوکات، دەیڤد پێترایۆس دۆسیەی عێراق لە تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و لوبنان وەردەگرێتەوە، کە ماوەیەک بوو بە وەکالەت سەرپەرشتی دەکرد.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، گرنگترین و نهێنیترین بەشی ئەرکە نوێیەکەی دەیڤد پێترایۆس، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن، بریتییە لە داڕشتنەوەی تەواوەتیی نەخشەی ئەمنیی عێراق، ئامانجی سەرەکیی واشنتن لە ڕێگەی پیتراسیۆسەوە، دروستکردنی "وەزارەتێکی ئەمنی"یە، کە سەرجەم هێزە چەکدارە جیاوازەکانی عێراق لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی فەرمیی یەکگرتوودا کۆبکاتەوە.

بەپێی پلانەکە، ئەم وەزارەتە نوێیە ئەم هێزانە لەخۆ دەگرێت، هێزەکانی پێشمەرگە، دەستەی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی سەحوەی سووننەکان.

ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی گەورەی ئەمریکا دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارەکان و ڕێگریکردن لە فرەجەمسەریی سەربازی لە عێراقدا.

بوار زانیویەتى، لە چوارچێوەی دەستپێکردنی ئەم ئەرکە قورسەدا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەیڤد پێترایۆس بە سەردانێکی نیمچە نهێنی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە ناوبراو چەند کۆبوونەوەیەکی داخراو و گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم ئەنجامداوە.

هەرچەندە تا ئێستا وردەکاریی کۆبوونەوەکان بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی پیتراسیۆس بۆ هەولێر، ڕازیکردن و هەماهەنگیکردن بووە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد سەبارەت بە چۆنیەتیی تێکەڵکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو "وەزارەتە ئەمنییە" نوێیەی، کە واشنتن کاری لەسەر دەکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color