.. گفتوگۆکانى ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدان
#بوار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران "پێشکەوتنێکی زۆر ئەرێنی" بەخۆوە دەبینن، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاریدا گورزێکی سەربازی پلان بۆ داڕێژراو دوابخات، لەگەڵ هێشتنەوەی بژاردەی "هێرشی هەمەلایەنە"، ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ڕێککەوتنێک، کە ڕێگری لە تاران بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ ڕوونیکردەوە، بڕیاری دواخستنەکە بۆ پێدانی دەرفەتێک بووە بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی، ئاماژەی بەوەشکرد سەرکردەکانی ئیمارات، سعودیە و قەتەر پێیان ڕاگەیاندووە، دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە.
لە میانی چالاکییەکدا لە کۆشکی سپی وتیشی: "ئێمە ڕازی دەبین ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنێک، کە ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە لەوپەڕی ئامادەییدا بمێننەوە بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی هەمەلایەنە و بەرفراوان" لە هەر ساتێکدا ئەگەر دانوستانەکان پەککەوتن.
لە بەرامبەردا، ئێران ڕایگەیاند، وەڵامی خۆی بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە گواستووەتەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن بەردەوامن، جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی دەستبەرداری مافەکانی نابێت.
لە لایەکى دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، "گفتوگۆ بە واتای خۆبەدەستەوەدان نایەت"، وتیشی، ئێران لەژێر هیچ هەلومەرجێکدا دەستبەرداری مافە یاساییەکانی نابێت.
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە گواستیەوە، ئیسلام ئاباد پێشنیازێکی هەموارکراوی ئێرانی ڕادەستی واشنتن کردووە، بەڵام دانی بەوەدانا، کە هەردوولا هێشتا مەرجەکانیان دەگۆڕن، هۆشداریشیدا لە کەمیی کات.
سەرەڕای قسەکردن لەسەر ئاماژە ئەرێنییەکان، پێگەی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستیەوە، دوایین پێشنیازی ئێران "کافی نییە"، چونکە پابەندبوونی ڕوون لەخۆناگرێت سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم، یان چارەنووسی یەدەگی پیتێنراوی ئاست بەرز.
لەگەڵ بەردەوامیی نێوەندگیریی پاکستان و ئاڵوگۆڕکردنی نامە لە نێوان هەردوولادا، وا دیارە دانوستانەکان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدان، لە نێوان دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە تارمایی جەنگ دووربخاتەوە، یان ئەگەری گەڕانەوە بۆ گرژییە سەربازییەکان ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان شکست بهێنن.
|
ترەمپ وەشاندنى گورزەکە دوادەخات.. |
|
وەزارەتێکی دیکەش درایە سروە عەبدولواحید |
|
سبەینێ ڕۆژێکی یەکلاکەرەوە دەبێت |
|
هیچ جۆرە چەكێكمان نەگواستووەتەوە بۆناو شاری سنە |
|
مانگی ڕابردوو بایی یەك ملیار و 87ملۆین دۆلار نەوتمان رۆشتووە |
|
'لە نزیکترین کاتدا بانکی نیشتمان بکرێتەوە' |