35 ملیۆن کەس لە ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی وشکەساڵی دەبنەوە
#بوار
قەیرانی ئاو لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروستکردووە.
سەرەڕای شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەم دواییە، بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی شاری تاران هۆشداری توندی داوە، کە هێشتا یەدەگی ستراتیژیی بەنداوەکانی پایتەخت نەگەیشتووەتە ئاستێکی سەلامەت و ناتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، قەیرانەکە تەنیا پایتەختی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە ئێستادا نزیکەی 10 پارێزگای سەرەکیی ئێران، کە زیاتر لە 35 ملیۆن کەس تێیاندا دەژین، بەدەست کورتهێنانی توندی ئاوەوە دەناڵێنن.
هەر بەپێى زانیارییەکان، ئەم ناوچانە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەنە تێکڕای ئاستی بارانبارینی درێژخایەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراک و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروستکردووە.
شارەزایان هۆکاری ئەم قەیرانە تەنیا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ناگەڕێننەوە، بەڵکو بەڕێوەبردنی خراپی سەرچاوەکانی ئاو و گوێ پێنەدانی حکومەت بە ژێرخانی وڵات بە هۆکاری سەرەکی دەزانن.
لە پاڵ ڕەهەندە ژینگەیی و ئابوورییەکاندا، ئەم بابەتە ڕەخنەی سیاسیی توندی لێکەوتووەتەوە، چاودێران باس لەوە دەکەن لەکاتێکدا هاووڵاتیانی ئێران بۆ دەستخستنی سەرەتاییترین پێداویستی ژیان، کە "ئاو"ـە گیرۆدەن، ڕژێمی تاران ملیارەها دۆلار بۆ پشتگیریکردنی گروپە چەکدارە وەکالەتکارەکانی، هەڕەشەکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە و داراییەکی زەبەلاح بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیی ناوخۆیی خەرج دەکات.
باس لەوەش دەکەن، ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان خەرجییە سەربازییەکان و فەرامۆشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێباکی دەسەڵات لە بەرامبەر گەلەکەی خۆیدا.