گرنگ

"پاشای کۆچی نایاسایی" لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا.. کاردۆ رانییەیی کێیە؟

2026-05-20

 


#بوار
هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان گەورەترین و داواکراوترین قاچاخچی مرۆڤیان دەستگیرکرد، کە تۆڕێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرد، بە گواستنەوەی هەزاران کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا تۆمەتبارە و لە ئێستادا بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە زینداندایە.

ئەم گەنجە کوردە تەمەن 28 ساڵە، کە ناوی ڕاستەقینەی (کاردۆ جاف)ـە و لەناو تۆڕەکانی کۆچ و کۆچبەراندا بە ناوە خوازراوەکەی (کاردۆ ڕانیەیی) ناسرابوو، بۆ چەندین ساڵ بە شاراوەیی کاری کردووە.

بە گوێرەى سەرچاوەکان، شاردنەوەی ناسنامە ڕاستەقینەکەی وایکردبوو ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێکردنی یاسا نەتوانن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکەن، تا ئەوکاتەی هەفتەی ڕابردوو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی کەناڵی (BBC) بەریتانییەوە ناسنامەکەی ئاشکرا کرا.

بەپێی بەدواداچوونەکان، جاف سەرپەرشتی تۆڕێکی فراوانی دەکرد، کە مەوداکەی لە ئەفغانستانەوە تا بەریتانیا درێژدەبووەوە، بۆ بانگەشەکردنیشی پشتی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەستووە و وێنەی سەرنجڕاکێشی لەندەن و ڤیدیۆی ئەو کۆچبەرانەی بڵاوکردووەتەوە، کە بە قسەی خۆی "لێی ڕازی بوون".

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانى عێراق بۆ کەناڵە بەریتانییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، "ئەمە تۆڕێکی زۆر بەهێزە" و پێیوایە نزیکەی لە 70٪ـی کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا لە شارۆچکەی ڕانیەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

شێوازی کارکردنی ئەم تۆڕە جیاوازییەکی زۆری تێدا بووە بەپێی توانای دارایی کۆچبەران؛ بۆ ئەو خێزانانەی دەوڵەمەند بوون، بڕی 160 هەزار پاوەندی بۆ گەشتێکی ئاسمانی (VIP) بۆ مانچستەر دیاریکردووە، لە بەرامبەردا، کۆچبەرە کەم دەرامەتەکانیان قۆستووەتەوە و لە درەنگی شەودا خستوونییەتە ناو بەلەمە لاستیکییە زۆر قەرەباڵغ و مەترسیدارەکانەوە لە نۆکەندی ئینگلیز، بەبێ ئەوەی هیچ سەرپەرشتیارێکیان لەگەڵدا بێت بۆ ڕێنماییکردنی بەلەمەکە.

لە پۆدکاستێکی ئامادەکراوی ڕادیۆی ٤ـی بی بی سی بە ناوی "بۆ گرتنی پاشایەک"، وردەکارییەکانی ڕاوکردنی ئەم تۆمەتبارە خراوەتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەڕووی بەڵگەکان کرایەوە، کاردۆ جاف تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو تەنها "ئامۆژگاری خەڵکی کردووە بۆ جێهێشتنی عێراق" و بڕوا ناکات هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت.

لە کاردانەوەی ئەم پێشهاتەدا، ئاژانسی نیشتمانی تاوانەکانی بەریتانیا (NCA) پشتڕاستی کردەوە، لە ڕۆژی 13ـی ئایاردا گومانلێکراوێکی قاچاخچێتی دەستگیرکراوە.

ڕۆب جۆنز، بەڕێوەبەری گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسەکە ڕایگەیاند: "ئەمە گورزێکی زۆر گەورەیە لەو کەسانەی پێیان وابوو دەتوانن بەبێ سزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە کارەکانیان بەڕێوەببەن. نابێت هیچ قاچاخچییەک پێی وابێت کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسادایە."

جۆنز ئاشکراشی کرد، لە ئێستادا زیاتر لە 100 لێکۆڵینەوەی کراوە هەیە لەسەر ئەو تۆڕە باڵایانەی تاوانی ڕێکخراوی کۆچبەری بەڕێوەدەبەن.

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی 2020ـەوە، پەڕینەوە بە بەلەمی بچووک بووەتە سەرەکیترین ڕێگای گەیشتن بە بەریتانیا، زۆربەی کۆچبەران لەژێر فشاری چەوساندنەوە یان توندوتیژیدا وڵاتەکانیان جێدەهێڵن و داوای مافی پەنابەری دەکەن، کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 90٪ی گەیشتووەکان لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 لە ڕەگەزی نێر بوون و تەمەنیان لە خوار 40 ساڵییەوەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color