گرنگ

سەردەمی 'کابینەی بنکە فراوان' کۆتایی هاتووە

2026-05-23

 

سەرکردایەتییەکی پارتی:  دەبێت بچینە قۆناغی 'زۆرینەی پەرلەمانی
بوار، تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە پڕۆسەی حوکمڕانی و کاری پەرلەمانی پێویستی بە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی هەیە، دەشڵێ، مۆدێلی 'کابینەی بنکە فراوان' و نەبوونی 'زۆرینەی ڕەها'، پەرلەمانی تووشی چەقبەستوویی کردووە و بووەتە لەمپەر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوی حکومەتدا.

🟢مێژووی پەرلەمان؛ لە شەڕی ناوخۆوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژیی
د.چنار سەعد عەبدوڵا، سەرکردەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شیکارییەکی سیاسییدا بۆ مێژووی ۳٤ ساڵەی پەرلەمانی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر قۆناغە جیاوازەکان و دەڵێت:'پەرلەمان زۆر قۆناغ و وەرچەرخانی تاڵ و شیرینی تێپەڕاندووە لە ململانێی توندی هێزە سیاسییەکان تا ئاستی شەڕی ناوخۆ و دواکەوتنی هەڵبژاردن و پەککەوتنی دامەزراوەکە."
هاوکات، قۆناغی دوای واژۆکردنی 'ڕێککەوتنی ستراتیژیی' نێوان پارتی و یەکێتی بە قۆناغی 'زێڕین و جێگیر'ی کاری پەرلەمانی دادەنێت، کە تێیدا هاوپەیمانییەکی بەهێز دروستبوو، بەڵام دەشڵێت، سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن سەرەڕای ئەوەی تەکانێکی بە کاری پەرلەمانی دا، بەڵام بەهۆی خەستبوونەوەی ململانێکان و نەبوونی زۆرینەی یاسایی (٥٠+١)، جارێکی دیکە پەرلەمان تووشی چەقبەستوویی بووەوە.

🟢پارتی دەیەوێت کۆتایی بە 'قەیرانی بنکەفراوان' بهێنێت
د.چنار دەڵێ، کاتی ئەوە هاتووە پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی 'زۆرینەی پەرلەمانی' چڕبکەنەوە، چۆنکە وەکو ئەو دەڵێ، کوردستان پێویستی بە حیزبێکی سیاسی بەهێز و خاوەن زۆرینەی کورسییەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیارە چارەنووسسازەکان بدات و کۆتایی بە پەککەوتنی دامەزراوەکان بهێنێت.

🟢شانسی پارتی لە هەمووان زیاترە
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی جەخت دەکاتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان شانسی لە هەموو حیزبەکانی دیکە زیاترە بۆ بەدەستهێنانی ئەم زۆرینەیە.
'پارتی پێشتریش ئەزموونی زۆرینەی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام لە پێناو پاراستنی یەکڕیزیی و سازانی نیشتمانی، پەنای بۆ نەبردووە و ڕێگەی بە لایەنەکانی دیکە داوە بەشداربن'.

بۆ قۆناغی داهاتوو، پەیامی پارتی ڕوونە: تێپەڕاندنی قەیرانی حکوومەتی بنکەفراوان و چوونە ناو قۆناغی حوکمڕانیی زۆرینە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color