ڕاپۆرتێکی فەرمی ئاشکرای دەکات: پیلانی کوشتنى ئیڤانکا ترەمپ لەلایەن ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانەوە پوچەڵکرایەوە
#بوار
دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، هەوڵێکی مەترسیداری کوشتنى ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن ئەندامێکی باڵای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە پوچەڵکراوەتەوە، ئامانجی سەرەکی پیلانەکەش تۆڵەسەندنەوە بووە بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست)، تۆمەتبارەکە ناوی "محەمەد باقر سەعد داود ئەلسەعدی"یە و تەمەنی 32 ساڵە، ناوبراو نەخشە و زانیاریی وردی لەسەر ماڵە 24 ملیۆن دۆلارییەکەی ئیڤانکا ترەمپ و جارد کوشنەری هاوسەری لە ویلایەتی فلۆریداى ئەمریکا کۆکردووەتەوە.
لە یەکێک لە پەیامەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، ئەلسەعدی وێنەی نەخشەی ناوچەکەی بڵاوکردووەتەوە و بە عەرەبی هەڕەشەی کردووە: "بە ئەمریکییەکان دەڵێم نە کۆشکەکانتان و نە دەزگای نهێنی دەتانپارێزن، ئێمە لە قۆناغی چاودێریکردن و شیکردنەوەداین و تۆڵەسەندنەوەمان تەنیا کاتی دەوێت."
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەلسەعدی لە دوای مردنی باوکییەوە لە ساڵی 2006ـدا، قاسم سولەیمانی وەک باوکی ڕۆحی خۆی سەیر کردووە و لە تاران ڕاهێنانی پێکراوە، بەردەوام بەنێو خەڵکدا بانگەشەی بۆ ئەوە کردووە و وتویەتی: "پێویستە ئیڤانکا بکوژین بۆ ئەوەی ماڵی ترەمپ بسوتێنین، هەروەکو چۆن ئەو ماڵی ئێمەی سوتاند."
یەکێک لە خاڵە هەرە مەترسیدارەکانی ئەم دۆسیەیە ئەوەیە، کە تۆمەتبارەکە هەڵگری "پاسپۆرتی خزمەتگوزاری عێراقی (VIP)" بووە، کە بەڵگەنامەیەکی تایبەتە و تەنیا بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدرێت بە فەرمانبەرانی باڵای حکومەت.
ئەم پاسپۆرتە ڕێگەی بە ئەلسەعدی داوە بە کەمترین یان بێ هیچ پشکنینێکی ئەمنی بە فڕۆکەخانەکانی عێراقدا تێپەڕێت و دەستی بگاتە هۆڵی کەسایەتییە گرنگەکان (VIP)، هەروەها بە ئاسانی ڤیزای وڵاتانی جیهان بەدەستبهێنێت.
ناوبراو ئاژانسێکی گەشتیاریی ئایینی وەک پەردەیەک بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
دەستگیرکردن و تۆمەتە فیدراڵییەکان ئەلسەعدی لە 15ـی ئایاردا لە تورکیا لە کاتێکدا لە ڕێگادا بووە بۆ گەشتکردن بەرەو ڕووسیا، دەستگیرکرا و ڕاستەوخۆ ڕادەستی ئەمریکا کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ناوبراو ڕووبەڕووی 18 تۆمەتی جیاواز بووەتەوە، پەیوەندییان بە زنجیرەیەک هێرش و هەوڵی تیرۆریستییەوە هەیە لە ئەوروپا و ئەمریکا، لەوانە، هێرشی بۆمبی ئاگرین بۆ سەر بانکی نیویۆرک میلۆن لە ئەمستردام، تەقەکردن لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ، هێرشکردنە سەر دوو هاووڵاتی جولەکە بە چەقۆ لە لەندەن، تەقاندنەوەی کەنیسەیەک لە بەلجیکا و ئاگرتێبەردانی پەرستگایەک لە رۆتەردام.
ئەلسەعدی جموجوڵێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، ئەو وێنەی خۆی لە وڵاتانی جیاواز و لە کاتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ڕێگەی نامەی سناپچاتەوە وێنەی "دەمانچەی بێدەنگکەر"ـی بۆ قوربانییە گریمانەییەکانی ناردووە وەک جۆرێک لە تۆقاندن.
لە ئێستادا، ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران و کەتائیبی حیزبوڵڵا، لە زیندانی میترۆپۆلیتان لە برووکلین لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بە توندی چاودێری دەکرێت، کە هەمان ئەو زیندانەیە چەندین تاوانبار و سەرکردەی مەترسیداری تێدا دەستبەسەرە، کۆشکی سپی تا ئێستا ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر پیلانی تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترەمپ بدات