گرنگ

بوار هۆکاری کەمبوونەوەی مووچەی پێشمەرگەکانی دەڤەری یەک ئاشکرا دەکات

2026-05-26

 

مووچەبڕین یان هەڵەی ژمێریاری؟ 
#بوار
ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەران و پێشمەرگەکانی فەرماندەیی دەڤەری یەک، لە کاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـدا مووچەکانیان کەمیکردبوو، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشووتر پرسیاری لای بەشێکی زۆری ئەو هێزانە دروستکردبوو، بوار زانیاریی و هۆکاری پشت ئەم کەمبوونەوەیە ئاشکرا دەکات.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی بوار کردوویەتى و زانیاریی دروستى لەو بارەوە دەست کردووە، هۆکاری کەمبوونی مووچەی ئەو بەشە لە پێشمەرگە و ئەفسەرانی دەڤەری یەک، پەیوەندی بە بڕیارێکی سیاسی، یان لێبڕینی فەرمییەوە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەکی ژمێریاری لە مانگی ڕابردوودا.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتی ئامادەکردن و دابەشکردنی لیستی مووچەی مانگی ئازار (سێ)، هەڵەیەکی ژمێریاری ڕوویداوە و بەهۆیەوە بڕێک پارەی زیاتر وەک "دەرماڵە" بۆ ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانە خەرجکراوە.

بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە ژمێریارییە و گەڕاندنەوەی ئەو پارە زیادەیەی پێشتر خەرجکرابوو، لە لیستی مووچەی مانگی نیساندا ئەو بڕە زیادەیە لە مووچەکانیان بڕدراوەتەوە، ئەمەش وایکردووە لەم مانگەدا مووچەی کەمتریان پێبدرێت.

سەرچاوەکان بۆ بوار پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەم بابەتە کاتییە و تەنها تایبەت بووە بە مووچەی مانگی چوار، بڕیارە لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)، دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی ببێتەوە و سەرجەم پێشمەرگە و ئەفسەرەکان مووچە و دەرماڵەکانیان بە شێوەیەکی جێگیر و بێ هیچ لێبڕینێک وەربگرن. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color