#بوار
تۆڕی هەواڵیی "سی بی ئێس نیوز" ئاشکرایکرد، دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەختی پەیوەندیکردن بە ڕێبەری ئێران، موجتەبا خامنەیی، کە لە حەشارگەیەکی نهێنیدا و لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا دەژی.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکییەوە گواستییەوە، موجتەبا خامنەیی لە شوێنێکی نهێنى "بە کردەوە گەمارۆدراوە"، گەیشتن پێی تەنها لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆز لە نێوەندگیر و پەیامهێنەرەکانەوە دەبێت، ئەمەش خێرایی وەڵامدانەوەی پێشنیازەکانی ئەمریکا پەکدەخات.
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەشدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی بەشداری دانوستانەکان دەکەن ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە لە پەیوەندیکردن لە ناوخۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێراندا، ئەمەش بووەتە هۆی خاوبوونەوەی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی ڕەزامەندی لەسەر هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی ئێستا دەربڕیوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کردووە ڕێککەوتنەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، موجتەبا خامنەیی لە میانی ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کە لە ٢٨ـی شوباتی ڕابردوو کرانە سەر ئێران بریندار بووە، کە تێیدا باوکی (ڕێبەری پێشوو عەلی خامنەیی) کوژرا.
لەو کاتەوە، خامنەیی بە ئاشکرا، یان لە ڕێگەی هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی، یان دەنگییەوە دەرنەکەوتووە، لە نێوەندی ئەو بڕوایەی، کە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی نەکرێتە ئامانج.
سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە، زۆرێک لە سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران لە ئێستادا لە ناو حەشارگە قایمکراوەکاندا دەمێننەوە و خۆیان لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەپارێزن جگە لە حاڵەتە زۆر پێویستەکان نەبێت، ئەمەش لە ترسی دزەکردنی هەواڵگری.
بەرپرسێکی ئەمریکیش ڕایگەیاند، دیمەنی پەیوەندیکردن لە ناو سەرکردایەتی ئێراندا "لە درامایەکی کۆمیدی دەچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانی ئێران بەهۆی کۆتوبەندە توندە ئەمنییەکانەوە لە دۆخێکی بێهیوایی و سەرلێشێواویدا دەژین.