بوار، تایبەت
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسراوێكی بڵاوكردەوە، كە سەبارەت بە پلەبەندی مووچە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران ناردویەتی.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە: یاسای پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی، كە ژمارە 22ی ساڵی 2008ە و هەروەها بڕیاری ژمارە 400ی ساڵی 2015ی تایبەت بە پلەبەندی مووچە ساڵانێكی زۆر بەسەریاندا ڕۆیشتووە و تا ئێستا هەموار نەكراونەتەوە سەرباری ئەوەی هەڵئاوسانی ئابووری گوزەرانی گشتی فەرمانبەران زیادی كردووە.
سەرۆكی پەرلەمان داوای لە سەرۆك وەزیران كردووە، ئەو یاسا و بڕیارانە پێویستیان بە گۆڕانكارییە بۆ دابین كردنی ژیانێكی شایستە و دادپەروەرانە بۆ هاووڵاتیان و فەرمانبەران تاكو جیاوازی مووچە و كرێی فەرمانبەران نەهێڵێت.
هەر لە نووسراوەكەدا حەلبوسی داوای لە زەیدی كردووە، پڕۆژەیەكی یاسای نوێ یان هەمواری یاساكەی ئێستا بنێرنە پەرلەمان بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ سەقامگیری وەزیفی و كۆمەڵایەەتی و ببێتە هۆی چەسپاندنی بنەمای یەكسانی و دادپەروەری لەنێوان چینەكانی كۆمەڵگە.